كریستیانۆ رێگایە قورسەكەی هەڵبژارد و لە مێسی دووركەوتەوە

هەمیشە بڕیارەكانی کریستیانۆ مەترسیدار بوون، بەتایبەتی كاتێك لە 2018 بڕیاریدا باشترین و سەركەوتووترین تیپ جێبهێڵێت كە یانەی ریال مەدرید بوو

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی یانەی نەسر
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانەی ئینتەر مەیامی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی یانەی نەسر

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی پۆرتوگالی بەوە ناسراوە هەمیشە بڕیاری قورس و سەخت دەدات، ئەمەش وایكرد لە ركابەرەكەی لیۆنێل مێسی دووربكەوێتەوە، لە راپۆرتێكدا هۆكاری ئەو جیاوازییە زۆرەی لەڕووی ژمارەی ناسناوەكان لە نێوان ئەو دوو ئەستێرە دروستبووە دەخرێتەڕوو.
دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەی ئینتەر مەیامی نازناوی "قەڵغانی هاندەران"ـی بەدەستهێنا، ئەم نازناوەش دەبەخشرێتە ئەو یانەیەی زۆرترین خاڵ لە قۆناغی گرووپەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای خولی ئەمریكا بەدەستدەهێنێت.
لیۆنێل مێسی لە ژیانی تۆپی پێیدا ژمارەی ناسناوەكانی گەیاندە 46ـەمین پاڵەوانێتی، لە کاتێکدا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ژمارەی ناسناوەكانی لە 33 نازناو وەستاوە.
هۆکاری ئەم جیاوازییە چییە؟، بەتایبەتی دوای ڕۆیشتنی لیۆنێل مێسی بۆ ئەمریکا و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بۆ سعوودیە، لەم راپۆرتەدا لێكدانەوە بۆ ئەم جیاوازییانە دەكرێت.

بڕیارە سەختەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ

هەمیشە بژاردە و بڕیارەكانی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ مەترسیدار بوون، بەتایبەتی كاتێك لە هاوینی 2018 بڕیاریدا باشترین و سەركەوتووترین تیپ جێبهێڵێت كە یانەی ریال مەدرید بوو، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئەو یانەیەی جێهێشت كە زۆرترین نازناوی لەگەڵ ئەو یانەیە بردەوە، لە جیاتیان بەرەو یانەی یوڤێنتۆس رۆیشت.
ئەو بڕیارە قورسەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ڕاستەوخۆ بووە هۆی دابەزینێكی بەرچاوی ژمارەی نازناو و ریكۆردەكانی، لە دوای رۆیشتنی لە ریال مەدرید ئەو یانە ئیسپانییە دوو نازناوی گەورەی چامپیۆنزلیگی بردەوە و چەندان نازناوی دیكەی ئەورووپی و نێوخۆیی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر ئەوانەدا دۆن تەنیا 3 نازناوی نێوخۆیی لەگەڵ یوڤێنتۆس بردەوە.
بڕیارێكی دیكەی قورس لەوكاتە دەستی پێ كرد، كاتێك كریس یوڤێنتۆسی جێهێشت، كە تێیدا دەرفەتی ئەوەی هەبوو پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی بكات، بەڵام بڕیارێكی دیكەی سەختی دا و گەڕایەوە یانەی مانچێستەر یونایتد، دواتر رووبەڕووی كۆمەڵێك سەختی بووەوە و یانەكەی جێهێشت بەبێ ئەوەی هیچ نازناوێك بباتەوە.
پاشان دۆن بڕیارێكی دیكەی سەختی دا، روویكردە خولی رۆشنی سعوودیە و پەیوەندی بە یانەی نەسری ئەو وڵاتە كرد، لە كاتێكدا دەرفەتی ئەوەی هەبوو یانەیەكی زەبەلاحی وەكو هیلال هەڵبژێرێت، ئەمەش تەحەدایەكی دیكەی دۆن بوو كە تێیدا نەسری هەڵبژارد و لە بردنەوەی نازناوەكانیش لەگەڵ ئەو یانەیە سەركەوتوو نەبوو.

مێسی و گەڕان بەدوای ئاسوودەیی

بڕیار و بژاردەکانی لیۆنێل مێسی زیاتر لەپێناو سەلامەتی و ئاسوودەیی بووە، بە پێچەوانەی بڕیارەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بڕیارەكانی مێسی سەرەتا لە دوای ڕۆیشتنی لە ڕیزەکانی بارسێلۆنا دەستی پێکرد کاتێک پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد کە نزیکەی هەموو وەرزێک سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی ناوخۆیی بەدەست دەهێنا، لیۆ لەگەڵ یانە پاریسییەكە هەموو شتێكی كرد تەنیا نەیتوانی نازناوی جامی فەرەنسا و چامپیۆنزلیگ بباتەوە.
لیۆنێل مێسی بژاردەی پەیوەندیكردنی بۆ یانەی مانچێستەر سیتی هەبوو، بەڵام لەکۆتاییدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی ئینتەر مەیامی کرد، بردنەوەی مۆندیالی 2022 لەگەڵ وڵاتەكەی زیاتر ئاسوودەی كرد، لیۆ بەبێ ئەوەی ئاستی لە لوتكەدا بێت دوو نازناوی لەگەڵ ئینتەر مەیامی بەدەستهێناوە، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی دەرفەتی بردنەوەی نازناو لە خولی ئەمریكا ئاسانترە بە بەراوردی خولەكانی دیكە.

جامی پاڵەوانێتی وەرزی ڕیاز باشترین بەڵگەن

ڕەنگە هەندێک پرسیار لەبارەی بەهێزی خولی سعوودیە بە بەراورد بە خولی ئەمریكا بێتە پێشەوە، بەڵام پاڵەوانێتی "جامی وەرزی ڕیاز" کە لە سەرەتای ساڵی 2024 لە سعوودیە بەڕێوە چوو،كە تێیدا یانەكانی نەسر و هیلال بە ئاسانی شكستیان بە ئینتەر مەیامی هێنا، ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ بەهێزی خولی سعوودیە بە بەراوردی خولی ئەمریكا.
لە پاڵەوانێتی جامی وەرزی ریاز هیلال بە چوار گۆڵ بەرامبەر سێ گۆڵ لە ئینتەر مەیامی بردەوە، دواتر یانەی ناسر بە 6 گۆڵی بێوەڵام شكستی بە ئینتەر مەیامی هێنا، كەواتە بردنەوەی نازناو لە خولی ئەمریكا ئاسانترە بە بەراوردی خولی رۆشنی سعوودیە.