ڕووسیا 70 زەمالەی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت
حكوومهتی ڕووسیا حهفتا كورسی خوێندنی بێبهرانبهر لە پسپۆڕییە جیاوازەکان پێشکەش بە قوتابییانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026) دەکات؛ هاوكات گوتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكوومهتی ههرێمی كوردستان دهڵێت، تا ئێسته نووسراوهكهیان لهم بارهوه به دهست نهگهیشتووه.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رووسیا و دامەزراوەی ڕۆس سەترودنیچستەڤە کە ڕاستەوخۆ سەرپەشتی کاروباری زەمالەکان دەکات، وێبسایتی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی بێبەرانبەر لە زانکۆکانی ڕووسیا چالاک کرد.
لهم بارهوه، یەڤگینی پریماکۆڤی، سەرۆکی دامەزراوەی رۆس سەترودنیچستەڤە، تایبەت بە کوردستان 24ـی ڕایگەیاند، ڕووسیا بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو 30 هەزار زەمالەی خوێندنی بێبەرانبەر بە قوتابیانی بیانی دەدات، لە نێویشیاندا پشکی قوتابیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستەبەر کراوە.
ڕۆژی 29ـی ئەیلوولی 2024، ئێلبرۆس کوتراشێڤ، باڵیۆزی ڕووسیای فیدراڵ لە عێراق ئەوەی دووپات کردەوە، کە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن "حکوومەتی وڵاتەکەی 70 زەمالەی خوێندن بە قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت."
مەرج و پێداویستییەکان بۆ پێشکەشکردنی زەمالەکان:
-پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
-ماوەی بەسەرچوونی پاسپۆرتی پێشکەشکار دەبێت لە ساڵ و نیوێک زیاتر بێت.
-ئەگەر قوتابی دەرچووی شەشەمی ئامادەیی بێت، پێویستە بڕوانامەی دەرچوون بە زمانی ئینگلیزی یاخود عەرەبی لە وەزارەتی پەروەردە وەربگرێت و پاشان لە وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر لە کونسوڵخانەی گشتی ڕووسیا لە هەولێر وەربگێڕێت بۆ زمانی ڕووسی و لە لایەن کونسوڵخانەوە واژوو و پەسەند بکرێت.
-ئەگەر قوتابی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بێت، پێویستە بڕوانامەی بە نمرە و بڕوانامەی (جیداری) بە زمانی ئینگلیزی یاخود عەرەبی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاشانیش لە کونسوڵخانەی رووسیا لە هەولێر واژۆ و پەسەندی بکات، دواتر لە کونسوڵخانەی رووسیا بڕوانامەکە بۆ زمانی رووسی وەربگێڕێت.
-ئەو قوتابییانەی خوێندنیان لە وڵاتی ڕووسیا تەواو کردووە، ڕاستەوخۆ بەڵگە و دۆکیومێنتەکان پێشکەش دەکەن، پێویست بە واژوو و پەسەندی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکات.
ئەو فێرخوازانەی فەرمانبەرن لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەر لە پێشکەشکردن ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بکەن
مەرجی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر:
* پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت لانی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
* داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
* کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
* کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی ڕووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بە گوێرەی شار و زانکۆکە کە نزیکەی (50$)ـه، بۆ وردەکاری زیاتر سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
* لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکان هیچ فایلییان لە بەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکەن، بۆیە تا دەرچوونی ئەنجامی زەمالەکە بە هیچ شێوەیەک پێویست بە سەردانکردنی وەزارەت و دەستەکان ناکات.
مەرجی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی دکتۆرا:
* پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت لانی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
* داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
* کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
* کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی رووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بە گوێرەی شار و زانکۆکەی کە نزیکەی (50$)ـه.
سهبارهت بهم ڕاگهیاندنی ئهم زهمالانه، دووشهممه، 7ـی تشرینی یهكهمی 2024، عهباس ئهكرهم، گوتهبێژی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكوومهتی ههرێمی كوردستان به وێبسایتی كوردستان24ـی گوت: تا ئێسته نووسراوهكهیان لهم بارهوه به دهست نهگهیشتووه.