بەهۆی نەبوونی کارگە، خاوەن باخەکانی ورمێ ساڵانە زیانێکی زۆریان پێ دەگات

لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو ساڵێک نزیکەی 400 هەزار تۆن سێو، بەر لەوەی کاتی ڕنینەوەیان بگات، دەوەرن، ئەم سێوە کە پێی دەگوترێ سێوی باوەرێن، بە چارەکێکی نرخی سێوی ئاسایی دەفرۆشرێ و ئەمەش خاوەنباخەکان تووشی زیانێکی گەورە دەکات.
ئەم ڕۆژانە لە قەراغ شەقامی نێوان شارەکان یا گوندەکانی پارێزگای ورمێ، ڕێبواران هەزاران تۆن سێو دەبینن کە هەر وا لەسەر زەوی کۆکراونەتەوە.
وەرینی لە ناکاوی سێو، کە خاوەن باخەکان پێی دەڵێن سێوی باوەرێن، بەشێک لە ڕەنجی ساڵێکی بەرهەمهێنەرانی سێو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فیڕۆ دەدات.
لە کاتێکدا کە نرخی هەر کیلۆ سێوی سەر دارەکان لە نێوان 10 تا 12 هەزار تمەنە، سێوی باوەرێن تەنیا 2500 تمەن دەکات و ئەمەش بە مانای ئەوەیە باخداران بە ڕێژەی 75% زیانیان تووش دەبێ.
مەتین خالیدی، باخدار دەڵێت: "بەداخەوە سێوەکە تێچووەکەی زۆری هەیە هەتا دەگاتە شوێنی خۆی، دواتر کارگەیەک نییە لە ناوچەکەی ئێمە، بۆیە ناچارین بیدەینە ورمێ و تەورێز، کە ئەمەش تێچووەکەی زۆر لەسەر ئێمە دەکەوێت. تێچووی لێکردنەوە و گواستنەوە".
سێوی باوەرێن، کە لە ئێران سێوی پیشەسازیشی پێ دەگوترێ، نە بۆ خواردنی هاووڵاتیان دەبێت تا ڕاستەوخۆ لە بازاڕ بفرۆشرێت، نە بۆ ئەوەش دەبێ لە ساردخانەکاندا هەڵبگیرێ، تەنیا کارگەکانی پیشەسازیی ئاوی میوە و لە قوتووکردنی میوە خوازیار و کڕیاری ئەم میوەیەن، بەڵام بە هۆی نەبوونی کارگەی پێویست لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەن باخەکان ناچار دەبن سێوە باوەرێنەکانی خۆیان بە دەڵاڵەکان بفرۆشن بۆ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ کارگەکانی پارێزگاکانی دیکە.
کەریم شابۆیی، کڕیاری سێوی باوەرێن گوتی: "لێرە کارگە نییە، لەبەر ئەوەیە تێچوویەکی زۆر لەسەر ئێمە دەکەوێت، دەبێت سێوەکان ببەینە ورمێ و تەورێز، بەلام ئەگەر کارگەیەک لە ناوچەکەی ئێمە هەبوایە ئەوە زۆر باشتر بوو".
پارێزگای ورمێ ساڵانە یەک ملیۆن 500 هەزار تۆن سێوی لێ بەرهەم دێت. لەم بڕە000 400 تۆن واتا زیاتر لە 26%ـی سێوی باوەرێنە کە ئەگەر کارگەی پیشەسازیی تایبەت بە لەقوتووکردنی ئەم سێوانە لە ناوچەکە دروست بکرێت، هەم جووتیاران تووشی زیان نابن و هەم هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان دەڕەخسێت.