نرخی زێڕ 9 هەزار دینار دابەزی
وێڕای ترس و نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی زێڕ بەردەوامە لە دابەزین و تەنیا لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشهممه هەر ئۆنسەیەک لەو کانزا بە نرخە 35 دۆلار لە نرخەکەی دابەزیوە.
سێشهممه، 8ـی تشرینی یهكهمی 2024، کاتژمێر 18:30 بە کاتی هەرێمی کوردستان، نرخ هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان بە دوو هەزار و 609 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک بە دوو هەزار و 643 دۆلار بوو.
سەبارەت بە نرخی ئەو کانزا زەردە لە بازاڕەکانی ناوخی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ نرخی هەر مسقاڵێک لە زێڕی عەیارە21 بە 590 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا، بەڵام بە گوێرەی نرخی نوێی زێڕ نرخی هەر مسقاڵێک لە زێڕی عەیارە21 بە 581 هەزار دینارە، تەنیا لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ 9 هەزار دینار لە نرخەکەی دابەزیوە.
هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەگەرەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سووی بانکی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمەریکا دەریخستووە، ڕێژەی بێکاری لە 4.2% بۆ 4.1% کەمبووەتەوە. لە کاتێکدا چاوەrوان دەکرا یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا لە مانگی یانزە rێژەی سوو بە 50 خاڵ کەم بکاتەوە دوای ئامارەکان پێشبینیەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئێستا بە ئەگەری 87% چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا رێژەی سوو بە 25 خاڵ کەم بکاتەوە.
بازاڕە جیهانییەکان سەرنجیان خستووەتە سەر ڕاپۆرتی سبەی چوار شەممەی لێژنەی بازاڕی کراوەی سەر بە یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا و راپۆرتی ڕێژەی هەڵاوسانی ئەمەریکا کە بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە ڕابگەنرێت، کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی یەدەگی فیدراڵی سەبارەت بە سیاسەتی داهاتووی رێژەی سووی بانکی دروست دەکات.
دابەزینی نرخی زێڕ لە کاتێکدایە، زێڕ وەک پەناگەیەکی سەلامەت لە کاتی گرژی و ئاڵۆزییەکان دادەنرێت، چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ترس لە فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگیری لە نرخی زێڕ بکات و خواست لەسەر زێڕ بە بەرزی بهێڵێتەوە.