ئەڵمانیا 15 مانگی دیکە ئەرکی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان درێژ دەکاتەوە

کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت: پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتەکەی لە ئاستێکی باش و بەرەوپێشچوون دایە، هیوای هەڵبژاردنی بێگەرد و ئازادی لە 20ـی ئۆکتۆبەر  دەخوازێت.

کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر دەڵێت: هیواخوازن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی ئازاد و شەفاف بەڕێوەبچێت.

بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانی ئەڵمانیا کە بە بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، ئەلبرێخت ڤۆن ڤیدگا، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ڕایگەیاند: بەیەکەوە کارکردن و پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشچووندایە و حکوومەتی ئەڵمانیا داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە ئەرکی سەربازانی لە هەولێر بۆ 15 مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.

هەرێمی کوردستان لە 20ـی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدات، هیواخوازین لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە و گشتگیر، ببێتە دەربڕینی دیموکراسیەتێکی گەشەسەندوو.

گوتیشی: ئەڵمانیا پەیوەندییەکی دوور و نزیکی لەگەڵ عێراق و بەدیاریی کراوی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەیەکەوە کارکردنی ئەڵمانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە گەشەکردن بەردەوامە.

دەڵێت: لەڕووی سیاسی و ئابووری بەیەکەوە کار دەکەن و لەسەردانی کردنی یەکتری لە ئاستی باڵادا ئاڵوگۆڕی چالاکمان هەیە، ئەمساڵ دەیەم ساڵی بەیەکەوە کارکردنی ئەڵمانیا و عێراقە بۆ بەرەو پێشەوەبردن کە هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت، پەیوەندییە کلتوورییەکانمان لە گەشەسەندن دایە، دەشڵێت: لە ڕووی ئەمنییەوە هەماهەنگیمان هەیە، داعش تا ئێستاش لەسەر ئاسایشی جیهان هەڕەشەیە، حکوومەتی ئەڵمانیا پێشنیازی بۆ پەرلەمان کردووە، ئەرکی سەربازانی لە هەولێر بۆ 15 مانگی دیکە درێژ بکاتەوە، پەرلەمان لەم مانگەدا بڕیار دەدات.