پارێزگاری دهۆک: پرۆژەکانمان هێندە زۆرن، ناچارین بەردی بناغەی دەیان پرۆژە پێکەوە دابنێین
پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی زیاتر لە 30 پرۆژەی لە سنووری قەزای ئامێدی دانا و ڕایگەیاند، لەبەر زۆری ژمارەی پرۆژەکان، ناچارن ڕۆژانە بەردی بناغەی دەیان پرۆژە پێکەوە دابنێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-10-2024، بە چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بەردی بناغەی 36 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی لە هەردوو ناحیەی شێلادزێ و دێرەلووک لە سنووری قەزای ئـامێدی؛ بە گوژمەی شەش ملیار و 700 ملیۆن دینار، دانرا.
هەر لە سەردانەکەیدا، پارێزگاری دهۆک هۆڵێکی بۆنەکانی لـە ناحیەی دێرەلووک و قوتابخانەیەکی مۆدێرنی لە کۆمەڵگەی مرێبای سنووری قەزای ئامێدی کردەوە. لە پێنج ساڵی ڕابردووشدا، 80 قوتابخانە لە سنووری قەزاکە، دروستکراون و نۆژەنکراونەتەوە.
پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکدا بە ڕێبوار حلمی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سبەینێ پێنجشەممە، 10-10-2024، جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە قەزای ئامێدی و بەردی بناغەی ژمارەیەک پرۆژەی دیکە دادەنێین؛ چونکە ئەمڕۆ فریانەکەوتین بەردی بناغەی هەموو پرۆژەکانی ئەم دەڤەرە دابنێین".
وەکوو ئـەوەی پارێزگاری دهۆک گوتی "پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووری پارێزگای دهۆک هێندە زۆرن، وامان لێ هاتووە، لە ناچاریدا ڕۆژانە بەردی بناغەی دەیان پرۆژە پێکەوە دادەنێین، چونکە فریاناکەوین بەردی بناغەی یەک بە یەکەی پرۆژەکان دابنێین".
لەبارەی ئەوەی پرۆژەکان لەسەر چ بنەمایەک جێ بەجێ دەکرێن، د. عەلی تەتەر ئەوەی خستە ڕوو "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەر پرۆژەیەکمان لە کۆمەڵگە، ناحیە و قەزاکانی سنووری پارێزگای دهۆک جێ بەجێ کردبێت، ڕای هاووڵاتییانمان وەرگرتووە و لەسەر داوای خەڵکی ئەو ناوچانە جێ بەجێ کراون".
لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی هەزار و 314 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک دراوە؛ بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە.
لەو ژمارە پرۆژەیە، هەزار و 249ـیان لەلایەن کەرتی گشتییەوە جێ بەجێ کراون و کابینەی نۆیەم گوژمەی زیاتر لە دوو تریلیۆن و 18 ملیار دیناری بۆیان خەرج کردووە. 65 پرۆژەی دیکەش، بە گوژمەی زیاتر لە یەک تریلیۆن و 89 ملیار دینار، لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراون.