وەزارەتی دارایی: خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی 70 هیچ دۆسیەیەکیان لە وەزارەتمان نییە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێن: بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی 70 بەرپرسن لە کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیووە دۆسیەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
دەقی ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی و بەڕێوەبەرایەتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووریی:
سەبارەت بە چەند بارە بوونەوەی کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا کە ژمارەیان زیاتر لە نۆ هەزار کەسە و ماوەی شەش مانگە لەوەزارەتی دارایی عێراقەوە بەهۆی نەبوونی دۆسیە لەوەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە، چەند بەرپرسێکی ئەو هێزانە لە لێدوانەکانیاندا وەزارەتی داراییان بەهۆکاری دواکەوتنی مووچەی ئەو خانەنشینانە تۆمەتبار کردووە، بۆ خستنەڕووی ڕاستیەکان و چەواشەنەکردنی ڕای گشتی بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەڕوو.
١- خانەنشینانی هێزەکانی یەکەی حەفتا هیچ دۆسیەیەکیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری نییە.
٢- بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتا بەرپرسن لە کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە و لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیووە دۆسیەکانیان بگوازنەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابووری.
٣- بەپێی یاسا پێویستە سەرەتا دۆسیەی ئەو خانەنشینانە بچێتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دوای وردبینی و بەدواداچوون ئەگەر دۆسیەکانیان هیچ کێشەی نەبوو ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری دەکرێت لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، دوای تەرخانی دارایی دۆسیەکانیان دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی.
٤- سەرەڕای فشارەکان و دووبارە بوونەوەی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنها ٢٠٠ دۆسیە ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە کراوە، دوای وردبینی دەرکەوتووە کەموکوڕیەکی زۆر لە دۆسیەکانیاندا هەیە و دەبێت بگەڕێندرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هێزەکانی یەکەی ( ٧٠ ).
٥- لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تا مانگی پێشووش لەسەر بڕیار و بەرپرسیاریەتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری مووچەی مانگی تەمووزیان بۆ خەرج کرا، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو خانەنشینانە هیچ تەرخانکراوێکی داراییان لەوەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نییە.
٦- بەپێی نووسراوی ژمارە ( ١٥٧١٧ ) کە لە ڕێکەوتی ( ٢٠١٥/٨/١٥ ) لەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە تیایدا داواکراوە ئەو خانەنشینانەی هێزەکانی یەکەی حەفتا بە چ فەرمانێکی هەرێمی یاخود لەسەر بنەمای چ نووسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران خانەنشین کراون بۆمان ڕەوانە بکەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ ساڵ هێشتا وەڵامی ئەو نووسراوەیان نەداوەتەوە.
شایەنی باسە بە پێی یاسای چاکسازی و ڕاپۆرتەکانی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ خانەنشینێک لە دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەبێت، دووپاتی دەکەینەوە بەرپرسی کێشەی مووچەی ئەو خانەنشینانە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی هێزەکانی یەکەی حەفتان نەک وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی.