یاریزانێکی یۆنانی کۆچی دوایی کرد

لە مەلەوانگەی ماڵەکەی بە خنکاوی دۆزرایەوە

جۆرج باڵدۆک
جۆرج باڵدۆک

جۆرج باڵدۆک یاریزانی یانەی پاناسیناکۆسی یۆنانی خنکاوە و تەرمەکەی لە مەلەوانگە تایبەکەی ماڵەکەی لە یۆنان دۆزرایەوە.

باڵدۆک پێشتر لە ئینگلاند یاریی بۆ یانەکانی "میلتۆن کینز، نۆرسامتۆن، تامۆس، ئێکسفۆرد یونایتد و شیفیڵد یونایتد" کردووە، دوایین یانەشی یانەی پاناسیناکۆسی یۆنانی بوو، هەروەها یاریی بۆ هەڵبژاردەی یۆنان کردووە.
رۆژنامەی "sport24"ی یۆنانی ئاشکرای کردووە، خێزانەکەی بالدۆک بەدوای یاریزانەکە گەڕاوە دوای ئەوەی لە مۆبایل هیچ وەڵامێکی نەبووە، لە کۆتاییدا تەرمەکەی لە مەلەوانگەی ماڵەکەیدا دەدۆزرێتەوە.
پۆلیسی یۆنان دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەم ڕووداوە بۆ ئەوەی هۆکاری مردنی ئەم یاریزانە ئاشکرا بکرێت.

یانەی شیفیڵد یونایتدی ئینگلیزی هەر زوو بەهۆی مردنی باڵدۆکی 31 ساڵان، ماتەمینی ڕاگەیاند و لۆگۆی یانەکەی ڕەش کرد.
یانە ئینگلیزییەکە نووسیویەتی: "هەموومان هەست بە خەمێکی قوڵ دەکەین بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی باڵدۆک، ئەم بەرگریکارە لە هاوینی ڕابردوو دوای حەوت ساڵ ریزەکانی ئەم یانەیەی جێهێشت و خاوەنی جەماوەرێکی گەورە و تایبەت بوو.


باڵدۆک لەلایەن ئاشقانی تۆپی پێی ئینگلیزی و یاریی فانتاسی ناسراوە و زۆربەی کات لە پێکهاتەکەیان بەکاریان هێناوە.
باڵدۆک 219 یاریی بە درێسی شیفیڵد یونایتد کردووە، لە نێوانیاندا 83 یاریی لە پرێمەرلیگ بووە، 6 گۆڵ و 16 گۆڵی دروست کردووە و دوو جار سەرکردایەتی یانەکەی کرد لە گەیشتن بە پرێمەرلیگ.

هەواڵی مردنی باڵدۆک شەقامی وەرزشی بەتایبەت لە یۆنان و ئینگلاند شۆک کردووە، یانە و یاریزانەکان دڵگران و بە جۆرێک وەسفی دەکەن کە یاریزانێکی باش و کەسێکی بەڕێز بووە.