یانەی پێشمەرگە لە عومان بووە پاڵەوان
پێشمەرگە لەنێوان 10 یانەی عەرەبی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا

کێبرکێکانی پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەب بۆ یاریی شەترەنج لە شاری سەڵاڵەی عومان کۆتایی هات، یارییەکانی پاڵەوانیەتییەکە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ لە 4ی ئەم مانگە تاکو 10ی مانگ بەردەوام بوو، لە کۆتاییدا یانەی پێشمەرگە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
زافر عەبدولحەمید، سەرۆکی فێدراسیۆنی شەترەنجی عێراق لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد: یانەی پێشمەرگە لە نێوان 10 یانەی بەشدار لە پاڵەوانیەتییەکە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، ئەم یانانەی بەشدار بوون بریتی بوون لە یانەکانی (بەردی سووری، ئەبوزەبی ئیماراتی، سوهام مەروەی یەمەنی، شاریقەی ئیماراتی، سەڵاڵەی عومانی، رەدفانی یەمەنی، ئیتیحادی فەڵەستینی، مەیسەرای عومانی و ئیتیحادی کوێتی).
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد: لە کۆتایی پاڵەوانیەتییەکە یانەی پێشمەرگە لوتکەی ڕیزبەندییەکەی گرت، توانی لە ماوەی 7 گەڕدا 14 خاڵی تەواو کۆبکاتەوە و سەرجەم یارییەکانیان بردەوە.

