پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەفریقای باشوور دەکرێت
100 تۆن پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی باشووری ئەفریقا دەکرێت؛ حکوومەتی عێراقیش ڕێگریی دەکات لەوەی هەناردەی ئوردن بکرێن.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "کۆمپانیایەکی خۆماڵی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لیبریایی کردووە بۆ ئەوەی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەو باشووری ئەفریقا بکرێت".
بە گوتەی هێمن سەید موراد: "100 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان بە چەند قۆناغێک هەناردەی باشووری ئەفریقا دەکرێن و لە قۆناغی یەکەمدا، ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 10-10-2024، 25 تۆن پەتاتە لە ڕێگەی دەروازی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە هەناردە دەکرێن".
وەکوو ئەوەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەولێر باسی کرد: "هەناردەکردنی پەتاتە بۆ باشووری ئەفریقا، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران لە ناوخۆ و دەرەوە".
حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە هەناردەی پەتاتەی کوردستان بۆ ئوردن دەکات
بەشار موشیر، خاوەنی کۆمپانیای (K.H.)ـی تایبەت بە وەبەرهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10-10-2024 بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئوردن، بە فەرمی داوای لێمان کردووە پێنج هەزار تۆن پەتاتەیان بۆ هەناردە بکەین، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی بە بیانووی جیاواز ڕێگریی لە هەناردەکردنە کردووە".
بە گوتەی بەشار موشیر: "بێجگە لە بەرهەمی پەتاتە، بەرپرسانی ئوردن داوای برنجی کوردستان بەتایبەت برنجی ئاکرێشیان کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق ڕێگریی لە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمەشی کردووە". دووپاتیشی کردووە: "هەوڵەکمان بەردەوامن بۆ هەناردەکردنی زۆرترین بڕی پەتاتەی کوردستان بۆ وڵاتانی ناوچەکە".
هەناردەکردنی پەتاتە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و ئیمارات
مانگی ئابی ئەمساڵ، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، 600 تۆن پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ، لە پارێزگای دهۆک، بە 25 بارهەڵگر و لە ڕێگەی دەروازەی پێشخابوورەوە هەناردەی هەردوو شاری حەسەکە و قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کراون.
لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای "ئاورا"ـی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیایەکی ئیماراتی، هەناردەی پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد و بە چەند قۆناغی جیاواز، زیاتر لە 25 هەزار تۆن هەناردە کران.
ساڵی ڕابردووش، بۆ جاری یەکەم زیاتر لە 13 هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا.
بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان
ساڵانە لەسەر ڕووبەری 86,453 دۆنم زەوی، زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئاستی بەرهەمهێنان %900 زیادی کردووە. زۆرترین پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم دەهێندرێت کە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار تۆنە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێن؛ بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیای "ئاورا"، کوالیتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وای کردووە لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆری لەسەر بێت.
كابینهی نۆیهمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له سهرهتای دهستبهكاربوونییهوه و له چوارچێوەى كارنامهكهیهوه ئهوهی ئاشكرا كردووه که دهبێت له ههرێمی كوردستان بایەخی تهواو به کەرتە جیاوازهكانی ئابووری بدرێت و به ههموو ئهو کەرتانە ژێرخانێكی ئابووریی پتهو بۆ ههرێمی كوردستان دروست بكرێت. بۆ ئهم مهبهستهش، كشتوكاڵ و بووژاندنهوهی ئهم كهرته له ڕێگهی پڕۆژەی جۆراوجۆرهوه ڕووبهرێكی گرنگی له كاری كابینهی نۆیهم گرتووه و حكومهت به پێویستی دهزانێت بهشێوهیهك پهره به كشتوكاڵ بدات كه له داهاتوودا پشت به بهرههمی ناوخۆ ببهسترێت و تهنانهت ههناردهی دهرهوهش بكرێت كه ئهمهش ئامانجێکی سهرهكی کابینەی نۆیەمە.