مووچەی مانگی 6ـی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند: "لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شایستەی مانگی "6"ـی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو، شایستەی مانگی "6"ـی مامۆستایانی گرێبەست، لەسەرجەم پەروەردەکانی "هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجە، زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین"، دابەش دەکرێت".
گوتیشی: "سەبارەت بە مووچەی مانگی "9"ـی مامۆستایانی گرێبەست، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستە نووسراوی فەرمی کراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی تەمویلی پارەکەیان بکرێت، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی بۆ بانکەکان بۆ ئەوەی مانگانە مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە دابەش بکرێت" .
ئاماژەی بەوەش کرد: "شایستەکانی مانگی "7 و 8" دوای مووچەی مانگی نۆ لە دەرفەتێکدا بەیەکەوە دابەش دەکرێت، بۆیە ئەم شایستەیە نافەوتێت" .
نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست باسی لەوەش کرد: "ئێستا مامۆستایانی گرێبەست لەپەروەردەکان مامەڵەی گرێبەست دەکەن، دوای تەواو بوونیان ڕاستەخۆ لەبانکەکان بایۆمەتەری، UPN یان بۆ دەکرێت" .
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لەهەرێم 37933 مامۆستایە کە مووچەی مانگانەیان 400 بۆ 500 هەزارە، کۆی مووچەی مانگانەیان نزیکەی 18 ملیار دینارە .