ناتۆ دەست بە مانۆڕی ئەتۆمی دەکات
سکرتێری گشتی ناتۆ مارک روتە دەڵێت: هاوپەیمانێتی ناتۆ هەفتەی داهاتوو مانۆڕی ئەتۆمیی ساڵانەی خۆی ئەنجام دەدات.
پێنجشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆکی هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتوو مانۆڕێکی ئەتۆمی گەورە دەکرێت کە لەمێژە پلانی بۆ داڕێژرابوو، ئەوەش چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین هەڕەشەی لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد پشتیوانی ئۆکرانیا بکەن.
مانۆڕی ناوەکی و چەکی ئەتۆمی "نیوەڕۆی جێگیر" ڕۆژی دووشەممەدەست پێدەکات و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، بەلجیکا و هۆڵەندا سەرپەرشتی دەکەن و هەشت بنکەی سەربازیی بەکاردەهێنن و 2000 کارمەند و 60 فڕۆکە لە 13 وڵاتەوە بەشداری دەکەن، مانۆڕەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە هەموو ساڵێک لە هەمان کاتدا بەڕێوە دەچێت.
ناتۆ ئاماژە بەوە دەکات، فڕۆکەی بۆمب هاوێژ و فڕۆکەی جەنگی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە بەشداری دەکەن. هیچ تەقەمەنیەکی زیندوو بەکار ناهێنرێت، بەشی زۆری مانۆڕەکە لە دووری 900 کیلۆمەتر لە رووسیاوە لە دەریای باکوور بەڕێوە دەچێت. کاربەدەستانی ناتۆ دەڵێن مۆسکۆ لە مانۆڕەکان ئاگادار کراوەتەوە.
سکرتێری گشتی نوێی ناتۆ مارک روتە لە لەندەن بە پەیامنێرانی گوت: "لە جیهانێکی نادیاردا زۆر گرنگە بەرگریمان تاقی بکەینەوە و بەرگریمان بەهێز بکەین، بۆ ئەوەی نەیارەکانمان بزانن کە ناتۆ ئامادەیە و توانای وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی هەیە."
ئەمریکا و بەریتانیا بە هێزە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانیانەوە کلیلی ئاسایشی ناتۆن، فەڕەنساش چەکی ئەتۆمی هەیە، بەڵام بەشێک نییە لە گروپی ئەتۆمی ڕێکخراوەکە.