هه‌ڵكردنی ئاڵای هاوڕەگەزخوازان له به‌غدا هه‌را ده‌نێته‌وه
زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی تووڕه كرد و هه‌ڵوێستی دژیان نیشاندا
K24- هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌غدا ئاڵای هاوڕه‌گه‌زخوازانی به‌رزكرده‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌یان كاردانه‌وه‌ی توندی لایه‌نه عێراقییه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێنا. زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان دژایه‌تی خۆیان بۆ ئه‌و كاره راگه‌یاند.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه، ئه‌وقاف و لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه كرد، رێكاری پێویست له دژی ئه‌و ره‌فتاره‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا بگرنه به‌ر.
حه‌داد ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتیی ئه‌وروپای به توندی ئیدانه كرد و به كارێكی نا به‌رپرسانه‌ی له قه‌ڵه‌مدا. داواشی له نوێنه‌رایه‌تی وڵاتان كرد، رێز له سه‌روه‌ری عێراق و به‌ها و نه‌ریته ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی گه‌لی عێراق بگرن.
جه‌ختیشی كرده‌وه، رێگه به‌و كاره ناده‌ین و داواشی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، رێكاری تایبه‌ت له دژی ئه‌و هه‌نگاوه بگرنه به‌ر.
هاوكات، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپاش كرد، ده‌ستبه‌جێ ئاڵاكه داگرن و داوای لێبوردنیش له عێراق بكه‌ن و چیتر ئه‌و كاره دووباره نه‌كه‌نه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی له به‌یاننامه‌یه‌كدا، داوای له حكومه‌تی عێراق كرد، هه‌نگاوی توند به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌غدا بگرنه به‌ر.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "به توندترین زاراوه، ئه‌و ره‌فتاره ناڕه‌وشتی و نا به‌رپرسانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. به تایبه‌ت كه ئێمه له مانگی ره‌مه‌زانداین و له خوداوه نزیكین".
دووپاتیشیكرده‌وه، "به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای هاوڕه‌گه‌زخوازان له‌لایه‌ن نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپاوه له سه‌ر خاكی عێراق، ده‌ستدرێژییه‌كی زه‌قه له دژی گه‌لی عێراق، ئایینه‌كه‌یان، به‌هاكانی و پلانێكی مه‌به‌ستداره كاری بۆ كراوه بۆ به‌ئامانجگرتنی شیرازه‌ی ره‌وشتی گه‌لی عێراق، كه له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م پێكهاته ئایینی و توێژه‌كانی عێراقه‌وه ره‌فتارێكی ره‌تكراوه‌یه".
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر دژایه‌تی توندی خۆی بۆ ئه‌و كاره‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا راگه‌یاند و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای هاوڕه‌گه‌زخوازان له به‌غدا به كارێكی به‌دڕه‌وشتی له قه‌ڵه‌مدا.
سه‌در له تویته‌كه‌یدا دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌م ره‌فتاره هه‌نارده‌كردنی فاحیشه، ئیلحاد، به‌دڕه‌وشتی و نه‌ریته خهراپهكانه له كۆمه‌ڵگه رۆژئاواییه‌كانه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه موسوڵمانه موحافزكارهكهمان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌مڕۆ كه له مانگی ره‌مه‌زان و له سه‌رده‌می بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا داین، نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌كانی به‌ریتانیا و كه‌نه‌دا ئاڵای هاوڕه‌گه‌زخوازانیان به‌رز كردووه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئێمه باوه‌ڕمان وایه هاوڕه‌گه‌زخوازان كه‌سانی نه‌خۆشن و پێویستییان به چاره‌سه‌ر و هیدایه‌ت هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێگه ناده‌ین ده‌ستدرێژی بكرێته سه‌ر هیچ ئایینێكی ئاسمانی، نه‌ك ته‌نیا ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر ئیسلام، له‌م رووه‌شه‌وه هه‌ریه‌ك له حه‌زره‌تی عیسا، مووسا و محه‌مه‌د سڵاوی خودایان له‌سه‌ر بێت، ئه‌م ره‌فتاره‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه، ئێمه‌ش له‌سه‌ر رێخوازی ئه‌وان رێگه به بڵاوكردنه‌وه‌ی هیچ نه‌ریتێكی به‌دڕه‌وشت له ناو كۆمه‌ڵگاكه‌مان ناده‌ین".
هاوكات سه‌در داواشی له حكومه‌تی عێراق و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد، وه‌ڵامێكی توندیان بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌بێت و هه‌مدیسان داوای له باڵیۆزخانه عێراقییه‌كانیش له‌و وڵاتانه كرد، ئاڵاكانی "محمد رسول الله"، "عیسا روح الله" و "مووسا كه‌لیم الله" له‌سه‌ر ته‌لاره‌كانیان به‌رز بكه‌نه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه، عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه داوای له باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان له عێراق كرد، رێز له بنه‌ما دیپلۆماسییه‌كانی نێوان وڵاتان بگرن و له پرۆتۆكۆڵ و رێكه‌وتنه‌كان ده‌رنه‌چن.
له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، حه‌كیم نووسیویه‌تی: "ژماره‌یه‌ك باڵیۆزخانه له عێراق ئاڵای هاوڕه‌گه‌زخوازانیان به‌رز كردووه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌مه پێشێلكردنێكی زه‌قی داب و نه‌ریتی گه‌لی عێراقه و رێزنه‌گرتنه له ناسنامه‌ی عێراق و بێڕێزییه به‌رامبه‌ر مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز، كه هه‌موو ئایینه‌كانی دیكه رێزی لێ ده‌گرن".
حه‌كیم ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و كاره نه‌شیاوه، داواش له‌و باڵیۆزخانانه ده‌كه‌ین، رێز له بنه‌ما دیپلۆماسییه‌كانی نێوان وڵاتان بگرن و سنووری پرۆتۆكۆڵ و رێكه‌وتنه‌كان نه‌به‌زێنن، به تایبه‌ت، ئه‌م جۆره ره‌فتارانه، كه ده‌ستدرێژی كردنه بۆ سه‌ر بیروباوه‌ڕ و نه‌ریتی ئه‌و وڵاتانه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیان لێیه".
هه‌روه‌ها لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینیش له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا راگه‌یاند.
حوسێن یه‌ساری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوبراو داوای له په‌رله‌مان كرد، "دانیشتنێكی به‌په‌له بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای هاوڕه‌گه‌زخوازان رێكبخرێت و بانگهێشتی باڵیۆزانی یه‌كێتی ئه‌وروپا بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن له گه‌لی عێراق بكه‌ن".
یه‌ساری گوتی: "ئێمه له وڵاتی پێغهمبهرهكانین و له مانگی ره‌مه‌زانداین، نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا به هه‌نگاوێكی پێشێلكارانه ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ر داب و نهریتهكهمان".
داواشی له مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق كرد، باڵیۆزانی ئه‌وروپی بانگهێشت بكات بۆ ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن بكه‌ن و دا‌واشیان لێ بكات به زووترین كات ئه‌و ئاڵایه دابه‌زێنن.
هاوكات وه‌قفی شیعی له عێراق به توندی هێرشیكرده سه‌ر نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا و له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "به توندی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌وروپا شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، كه بێ‌ڕێزییان به هه‌سته‌كانی ئێمه كردووه و له به‌ها و ره‌وشته‌كانی ئێمه‌یان كه‌م كردووه‌ته‌وه و به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای هاوڕه‌گه‌زخوازان له‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌كانیان و نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌غدا، بێ‌ڕێزییان به‌رامبه‌ر ئایینه ئاسمانییه‌كان كردووه".
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه عه‌مار ته‌عمه، سه‌رۆكی كوتله‌ی "نه‌هجی وه‌ته‌نی" له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: ئه‌و كاره‌ی به‌شێك له باڵیۆزخانه رۆژئاواییه‌كان ئه‌مڕۆ له عێراق كردییان، پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ریت و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، كه به‌گوێره‌ی بنه‌ماكان، پێویسته نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له وڵاتانی دیكه پابه‌ندی رێزگرتن له به‌ها و نه‌ریتی ئه‌و وڵاته بن، كه باوه‌شی بۆ كردوونه‌ته‌وه و نابێت ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر به‌ها ئایینی، ره‌وشتی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی گه‌لی ئه‌و وڵاته، كه نوێنه‌رایه‌تییان لێیه.
داواشی له وه‌زارتی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كرد، رێكاری یاسایی گونجاو له دژی ئه‌و ره‌فتاره‌ی نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپا له به‌غدا بگرێته‌به‌ر.
H.B