یاسایەك رێگە بە نادال نادات ببێتە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید
نادال دوای وازهێنانی لە یاریی تێنس دەیەوێت لە شوێنی فلۆرێنتینۆ پێرێز ببێتە سەرۆكی داهاتووی یانەی ریال مەدرید
رافاییل نادال ئەستێرەی تێنسی ئیسپانیا رایگەیاند دەیەوێت لە داهاتوو ببێتە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید، بەڵام مەرجێك وا دەكات نادال نەتوانێت بەمنزیكانە خەونەكەی بێتە دی و ببێتە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید.
نادال، ئەفسانەی تێنسی ئیسپانیا بڕیاری داوە لە دوای پاڵەوانێتی جامی دێیڤز كە بڕیارە مانگی داهاتوو لە ئەمریكا بەڕێوە بچێت بە یەكجاری لە تەمەنی 38 ساڵی واز لە یاریكردن بهێنێت.
نادال کە توانیویەتی 22 نازناوی پاڵەوانێتی گراند سلام بەدەستبهێنێت، بڕیاریداوە ئەزموونێكی نوێ تاقی بكاتەوە كە لە منداڵییەوە خۆشی دەوێت ئەویش كاركردنە لە ریال مەدرید.
نادال لە دوایین لێدوانیشی دا كە لە رۆژنامەی ئیسپانیا بڵاوكراوەتەوە رایگەیاندووە حەز دەكات ببێتە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید، دەشڵێت: لە منداڵییەوە ئارەزووی یاریی تێنس و تۆپی پێ بووم، دواتر باوكم داوای لێكردم لە نێوان ئەم دوو یارییە خۆم یەكلایی بكەمەوە، دواجار بڕیارم تێنس هەڵبژێرم، بەڵام تا ئێستا هەر عاشقی ریال مەدریم، ئەگەر ژیان و دەرفەت رێگەم پێ بدات دەمەوێت لە داهاتوو خۆم بۆ سەرۆكی یانەی ریال مەدرید بەربژێر بكەم، هەڵبەت بۆ هەمیشە وەكو هاندەرێكی سەرسەختی ئەو یانەیە دەمێنمەوە.
رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێكدا نووسیویەتی: نادال دەتوانێت ببێتە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید، بە مەرجێك دەبێت 20 ساڵ وەكو ئەندامی دەستەی كارگێری یانەكە كار بكات، هەرچەندە نادال لەوەتەی ساڵی 2011ـەوە مافی ئەندامی شانازی لە ریال مەدرید وەرگرتووە، بەڵام ناتوانێت تا 2030 خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی یانەكە بەربژێر بكات، چونكە هێشتا 7 ساڵی ماوە بۆ ئەوەی ئەم مەرجە جێبەجێ بكات.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، هەموو مەرجەكانی خۆبەربژێكردن بۆ سەرۆكایەتی لە رافاییل نادالی پاڵەوانی مێژوویی رۆلان گارۆس دا هەیە و خاوەنی رەگەزنامەی ئیسپانییە و پارەی تەواوی هەیە كە پێویستی بە 141 ملیۆن یۆرۆ هەیە بۆ ئەوەی تەواوی خەرجییەكانی ریال مەدرید دابین بكات.