یاریزانانی دەرەوەی بەڕازیل شۆک دەکرێن

پێشنیاز کراوە یاریزانانی دەرەوەی بەڕازیل، بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەو وڵاتە نەکرێن

ئەنجامە ناجێگیرەکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال کاردانەوەی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت، تەنانەت سەرۆکی ئەو وڵاتە بێدەنگی دەشکێنێت و تووڕەیی خۆی نیشان دەدات.

لۆلا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل ئاشکرای کرد، لەگەڵ دۆریڤاڵ جۆنیۆری راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل کۆبوومەوە، پێشنیازێک هەیە تەنیا یاریزانە نێوخۆییەکان بانگهێشتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بکرێن، ئەوانەی لە دەرەوەی بەڕازیل یاریی دەکەن تەنیا گەنجانێکن و نەگەیشتوونەتە قۆناغی ئەستێرەیی، لە بەڕازیل ئیتر گارنیشیا و رۆماریۆ نەماوە.

سەرۆکی بەڕازیل ڕوونیدەکاتەوە، یاریزانەکانی ناوەخۆی بەڕازیل هیچیان کەمتر نییە لەو یاریزانە پیشەگەرانەی لە دەرەوەی وڵاتەکەی یاریی دەکەن.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی بەڕازیل لە کاتێکدایە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەدۆخێکی ناجێگیردا تێپەڕ دەبێت، بەڕازیل لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال تا ئێستا 9 یاریی کردووە، تەنیا چوار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 4 یارییشدا دۆڕاوە، بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە خانەی چوارەمی ڕیزبەندییەکە دەبینرێت.