کاسانۆ دوای وەرگرتنی یەکەم مووچەی کارێکی سەرنجڕاکێشی کردووە

ئانتۆنیۆ کاسانۆ
ئانتۆنیۆ کاسانۆ

ئانتۆنیۆ کاسانۆ یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، دوای وازهێنانی لە یاریکردن بەهۆی رەفتارەکانی لەگەڵ میدیاکان و دڕکاندنی چەندان نهێنی سەرنجڕاکێش، بووەتە باس و خواستی هاندەرانی وەرزشی و بە تایبەتی تۆپی پێ و ئەو یاریزانەی پێشووی ئازۆری، بەم دواییە باس لە بەشێکی نهێنیەکانی ژیانی خۆی دەکات.

کاسانۆ لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی لاگازێتا دلۆ سپۆرتی وڵاتەکەی دەڵێت '' من یاریزانێک بووم هەرگیز شەراب و جگەرە و تلیاک و مادەی قەدەخەکراو و زیان بەخشم لە کاروانی وەرزشیم بەکار نەهێناوە، هەمیشە هەوڵمداوە لەم کارانە بە دوور بم، هەروەها هیچ کاتێکیش پارە و داهاتی خۆم بە فیڕۆ نەداوە ''.

کاسانۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باس لە وەرگرتنی یەکەم مووچەی لە یانەی رۆما دەکات و دەڵێت '' کاتێک بۆ یەکەمجار مووچەکەم لە یانەی رۆما وەرگرت، ئەو کاتە دایکم زۆر ئامۆژگاری کردم کە پارەکانم بە هەدەر نەدەم، منیش بەردەوام ئەو قسەیەی دایکم لە مێشکم بوو، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی یەکەم مووچە، یەکسەر 9 جۆری ئۆتۆمبێلم کڕی، کە لە جۆری فێراری و مارسدیدس بوون ''.

کاسانۆ بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 2001 بەرامبەر 31 ملیۆن یۆرۆ، لە ریزەکانی یانەی باری پەیوەندی بە رۆما کرد و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەو یانەیە یاریکرد، پاشان یاریی بۆ چەندین یانەی دیکە کرد، لەوانەش ریاڵ مەدرید و ئینتەر میلان و ئەیسی میلان و چەندان یانەی دیکە. دواجار لە ساڵی 2018 بە یەکجاری وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.

 
 
Fly Erbil Advertisment