بارسێلۆنا خەریکی دانەوەی قەرزی مێسی و ئالبا و بۆسکێتسە

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا خەریکە بەشی کۆتایی مووچەی لیۆنێل مێسی و سێرجیۆ بوسکێتس و جۆردی ئەلبا یاریزانەکانی پێشووی یانەکەی دەداتەوە،؛ ئەم قەرزانە دەگەڕێنەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دوایانخستبوو.
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، ئەم قەرزانە هەموویان پەیوەندییان بە وەرزی 2020-2021 هەیە و کاریگەری لەسەر هاوسەنگی دارایی بلاوگرانا لەم وەرزەدا نییە. یانە کەتەلۆنیەکە ئەو کات بەهۆی پەتای کۆرۆنا وەرزەکەی بە زیانی 481 ملیۆن یۆرۆیی کۆتایی پێهێنا.
لیۆنێل مێسی ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنا، ساڵی 2021 دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی بە یەکجاری ریزەکانی یانەکەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا کرد. ئەو یاریزانە بەهۆی قەیرانە داراییەکان لەسەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا تاوەکو داهاتی یانەکە رێکدەخرێتەوە، قەرزەکانی دوابخات و ئێستاش دوای نزیکەی سێ ساڵ، یانەکە دەیەوێت قەرزەکانی بداتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر یەکە لە جۆردی ئالبا و سێرخیۆ بۆسکێتس، ئەو دوو یاریزانەش هاوشێوەی هاوڕێکەی ئێستایان لە یانەی ئیتەر مەیامی، لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا بڕیاندا وەگرتنی کۆتا بەشی مووچەکەیان دوابخەن.