تۆنی کرووس دەبێتە راهێنەر

تۆنی کرووس لە کاتێکدا تەمەنی تەنها 34 ساڵ بوو و دەکرا بۆ چەند ساڵێکی دیکە بە باشترین شێوە، خزمەتی یانەکەی و هەڵبژاردەکەی بکات، ، بەڵام کۆتایی وەرزی ڕابردوو بڕیاریدا ماڵئاوایی لە جیهانی تۆپی پێ بکات و پێڵاوەکانی بۆ هەتا هەتا هەڵواسی.
دوای وازهێنانی کرووس لە یاریکردن، یانەی ریاڵ مەدرید نەیتوانیوە لەو ماوەیە شوێنی ئەو یاریزانە بە تەواوەتی پڕبکاتەوە، بۆیە دەنگۆیەک هەبوو کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکە، داوای لە بەرپرسانی یانەکەی کردووە، هەوڵ بۆ پاشگەزبوونەوەی کرووس بدەن لە بڕیاری وازهێنان لە یاریکردن.
رۆژنامەی ریلیڤۆ بڵاویکردەوە، تونی کرووس خۆی ناونوس کردووە بۆ ئەوەی بەشداری خولی راهێنانی پلە B ئەوروپا بکات، کە لە لایەن فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئیسپانیا رێکخراوە بەڕێوەدەچێت، بۆیە پێدەچێت لە ماوەیەکی کورت یاریزانەکەی پێشووی مانشافت، ئەویش هاوشێوەی چەندان ئەستێرەی دیکەی جیهانی، دەست بە کاری راهێنەرایەتی بکات.
سەرچاوە نزیکەکانی ئەو یاریزانە باس لەوە دەکەن کرووس هێشتا دڵنیا نییە لەوەی کە ئایا دەیەوێت لە داهاتوودا لە پۆستی ڕاهێنەرایەتیدا بێت، بەڵام دەیەوێت ئەگەر ئارەزووی ئەوەی هەبێت، ئەوا مەرج و زانیاریی پیویستی هەبێت و ئامادەبێت بۆ ئەو پیشە نوێیە.