مەسرور بارزانی: ژیان شانۆگه‌ری نییه تاوه‌كوو لە نمایشێكی كۆمێدیدا هه‌ندێك هه‌رزه‌كاری تێدا بخرێته پێكه‌نین

جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، دەبێت حوكمڕانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ست خه‌ڵكێكدا بێت، كه جێگه‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بن و ئه‌زموونیان هه‌بێت و خۆیان نه‌چه‌مێنن.
شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری لە نێو یاریگای دهۆک بەڕێوە چوو.
مه‌سرور بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له گوتارێكدا، باسی لەوە کرد، ژیان شانۆگه‌ری نییه تاوه‌كوو لە نمایشێكی كۆمێدیدا هه‌ندێك هه‌رزه‌كاری تێدا بخرێته پێكه‌نین، به‌ڵكوو ژیان پڕه له هه‌وراز و نشێوی.
جەختی لەوە کردەوە، کە پێویست ده‌كات، حوكمڕانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ست خه‌ڵكێكدا بێت، كه جێگه‌ی باوه‌ڕی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بن و ئه‌زموونیان هه‌بێت و خۆیان نه‌چه‌مێنن، نه‌ترسێنن و ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئاڵنگارییه‌ك ببنه‌وه، بۆیه ته‌نیا لایه‌نێك كه تا ئێسته له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان مابێته‌وه و به‌دڵنیاییه‌وه هه‌تا هه‌تا بمێنێته‌وه و له پاڵ خه‌ڵكی كوردستاندا بوه‌ستێت، پارتی دیموكراتی كوردستانه.
هه‌روه‌ها گوتی: گه‌لێك لایه‌ن په‌یامی خۆیانیان گه‌یاندووه‌ته خه‌ڵكی كوردستان، هیچ كامێكیان باسیان له ئایینده و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان نه‌كردووه، كه‌سیان باسیان ژیان و پاشه‌ڕۆژی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كردووه، به‌ڵكوو ده‌یانه‌وێت ڕێگه له خه‌ڵك و پارتی بگرن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی بۆ پێشكه‌وتنی كوردستان ڕابگرن، ئه‌وان ده‌ڵێن "ده‌یڕوخێنین، تێكی ده‌ده‌ین، وێرانی ده‌كه‌ین، ڕاتان ده‌گرین." ئێمه‌ش پێیان ده‌ڵێین "ناتوانن، ناتوانن، ناتوانن".