رووماڵ

مەسرور بارزانی: پارتی وەک حزبی یەکەم لە کوردستان دەمێنێتەوە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی

جێگری سەرۆکی پارتی، گوتی: پارتی هیوا و ئومێده‌ بۆ گه‌نجان و خه‌ڵكی كوردستان و پاشه‌ڕۆژی وڵات و دروشمه‌كانی دیارن، ئاوه‌دانی و ئاسایش و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و پێكه‌وه‌ژیان و خۆڕاگری و ئاوه‌دانییه‌.

شەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری لە نێو یاریگای دهۆک بەڕێوە چوو.

مه‌سرور بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوتارێكدا له‌ ئاهه‌نگی بانگه‌شه‌ی لیستی 190 پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ دهۆك له‌ سه‌ره‌تادا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و ڕایگه‌یاند، سوپاس بۆ خودا كه‌ "ئێمه‌ پارتین"ـه‌ و گوتی: گوتاره‌كه‌ی كاك نێچیرڤان گوتاری هه‌موو پارتییه.

جێگری سه‌رۆكی پارتی باسی لەوە کرد، پارتی وەک حزبی یەکەم لە کوردستان دەمێنێتەوە، هەروەها پارتی وه‌كوو هه‌موو جاره‌كانی دیكه‌ له‌ ناوه‌ند و پێگه‌ی هێزی خۆیدایه‌ و ده‌ستی ئاشتی بۆ هه‌موو لایه‌ك درێژ ده‌كات، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت پێكه‌وه‌ كوردستانێكی ئاوه‌دانتر و خۆشتر و به‌هێزتر ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌

هاوکات داواش لە لایەنەکان دەکات، کە بێن ده‌ستی ئاشتیی پارتی بگرن و دەشڵێت: ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش نه‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچێت و كوردستان بپارێزێت، با خۆی لا بدات تاوه‌كوو پارتی له‌ كاروانی ئاوه‌دانی به‌رده‌وام بێت و كوردستان ئاوه‌دانتر بكاته‌وه‌. پارتی هیوا و ئومێده‌ بۆ گه‌نجان و خه‌ڵكی كوردستان و پاشه‌ڕۆژی وڵات و دروشمه‌كانی دیارن، ئاوه‌دانی و ئاسایش و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی و پێكه‌وه‌ژیان و خۆڕاگری و ئاوه‌دانییه‌.