دەرفەتی کار لە ریاڵ مەدریدەوە بۆ تۆنی کرووس
ریاڵ مەدرید دەیەوێت سوود لە ئەزموونی تۆنی کرووس وەربگرێت

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، ئۆفەرێکی کارکردن لە یانەکەی دەخاتە بەردەم تۆنی کرووسی ئەستێرەی پێشووی یانەکەی.
بەپێی پێگەی "دێڤینسا سێنترال"ی ئیسپانی، پێرێز و کارگێری ریاڵ مەدرید وایدەبینێت تۆنی کرووس توانایەکی گەورەیە هەیە، بەوپێیەی ساڵانێک ئەستێرەی ریاڵ مەدرید بووە و ئەزموونێکی گەورەی لە یاریکردن هەیە.
سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە، پێرێز داوا لە کرووس دەکات ئەرکی راهێنانی یەکێک لە ئەکادیمیاکانی ریاڵ مەدرید وەربگرێت، یان پەیوەندی بە دەستەی هونەری تیپی یەکەمەوە بکات و لەژێر سەرکردایەتی کارلۆ ئانچێلۆتی کار بکات.
دێڤینسا سێنترال ئاشکراشی کردووە، لەوانەیە کرووس ئۆفەرەکەی پێرێز رەتبکاتەوە، چونکە دەیەوێت بۆ ماوەیەک پشوو بدات و دوور بکەوێتەوە، ئامانجییەتی زیاتر گرنگی بە خێزانەکەی و هاوڕێکانی بدات.
لەلایەکی دیکەوە "ریلیڤۆ"ی ئیسپانی هێمای بۆ ئەوە کردووە، تۆنی کرووس خۆی لە یوێفا تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بەشداریی لە خولی راهێنەرایەتی فێدراسیۆنەکە بکات، وەکو ئامادەکاریی بۆ بوون بە ڕاهێنەری تۆپی پێ و وەرگرتنی بڕوانامە.