هاووڵاتییانی عێراق داوا دەکەن حکوومەت گروپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات

بەشێک لە هاووڵاتیان و چین و توێژە جیاوازەکانی بەغدا، مەترسی هەڵگیرسانی جەنگییان لا دروست بووە. لەو بارەیەوە پارێزەرێک دەڵێت: "عێڕاق بەرگەی شەڕ ناگرێت و لاوازە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و گوێ نادات بە کاردانەوەکان، هێشتا ئیسرائیل هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە بەهای دۆلار و نرخی خۆراک بەرزبووتەوە و قەیرانی سووتەمەنی دروست بووە، بۆیە داوا دەکەن حکوومەتی عێراق ئەو گرووپە چەکدارانە کۆنترۆڵ بکات".

لە نێو هەر شوێنێکی عێراق بابەتی هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامییە لە ناوخاکی عێراقەوە بۆ سەر سوپای ئێسرائیل،  مەترسی و کاردانەوەکانی ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن لە ئەگەری هێرشکردنیان بۆ سەر پێگە و مۆڵگەکانی ئەو گروپە چەکدارانە و دۆخی عێڕاق چی بەسەر دێت؟

ستارعیساوی، پارێزەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "حکوومەت نە قبووڵ دەکات و نە ڕازیە بەوەی ئەو گرووپە ملیشیایانە لە ناو عێراقەوە بۆردومانی ئیسرائیل بکەن، بە پێچەوانەوە عێراق خۆی بە دوور دەگرێت لەو شەڕە، بەڵام ئەو گرووپانە کە سەر بە ئێرانن چەکدارەکانیان ڕۆژانە لە ناو عێراقەوە بەرزارییەکانی جۆلان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەن و ئیسرائیلی دەکوژن، ئیسرائیلش بێ دەنگ نابێت ئێران و عێراقیش بۆردومان دەکاتەوە و گۆڕانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات، هەروها حکوومەتی عێراقی شەڕی ناوێت بەڵام گروپە چەکدارەکان بە پاڵپشتی ئێران، عێراق بە زۆرە ملێ پەلکێشی شەڕ دەکەن".

لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوو حزبوڵلای عێراق ڕایانگەیاندووە: "پێنج جار بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر سوپای ئیسرائیل، ئەمەش ترسی لای هەموان دروست کردووە، بەوهۆیەوە بەهای دۆلار و نرخی خۆراک بەرزبووەتەوە، هەروەها قەیرانی سوتەمەنیش لە بەشێک لە شارەکانی عێراق سەری هەڵداوە، چین وتوێژە جیاوازەکان بەڕاشکاوی ڕایان وایە عێراق وڵاتێکی لاوازە و توانای شەڕی نییە، باشتر وایە ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکرێن".

ئەحمەد سەراج، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "عێراق ئەمڕۆ وڵاتێکی لاوازە هیچی نییە لە نەوت زیاتر، هەر شتێکیش ڕووبدات ئەو کارتەشی دەسوتێت، ئەو کاتە خەڵکەکەی لە برسا دەمرن، ئەم بابەتەش ڕوونە، لە دوای ساڵی 2003 هەموو داهاتەکان بڕان، جگە لە داهاتی نەوت".

لای خۆیەوە جەمال تائی، شارەزای ئەمنیی دەڵێت: "میلشیاکان له دەرەوەی یاساکانی حکوومەت کار دەکەن، بەو هۆیەوە کاریگەری خراپییان لە سەر ژێرخانی ئابووری عێراق دروست کردووە، دوای ئەوەی گورزیان لە سوپای ئیسرائیل دا، خۆ هێشتا ئیسرائیل وەڵامی نەداوەتەوە قەیران و گرانی لە بازاڕەکان دروست بووە".

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment