ڕۆژی هەینی بەبەشداری زیاتر لە 215 هەزار کەس دەنگدانی تایبەت بەڕێوە دەچێت

ڕۆژی هەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری زیاتر لە 215 هەزار دەنگدەر بەڕێوە دەچێت.
بڕیارە ڕۆژی هەینی 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت کە زیاتر لە 215 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە.
بەپێی بەدواداچوونێکی کوردستان24، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بنکەکانی دەنگدان دابەشی سەر 165 بنکە و 749 وێستگە دابەش کراون.
بۆ یەکەم جاریش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەران دەتوانن دەنگ بدەن، جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە هەشت پارێزگای دیکەش دەنگدەرانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن.
بنکەکان بەم شێوە دابەش کراون:
هەولێر زۆرترین دەنگدەری تایبەتی هەیە کە 62 بنکەی دەنگدان و 306 وێستگەی دەنگدانی هەیە. هەروەها لە سلێمانی 57 بنکەی دەنگدان و 276 وێستگەی دەنگدانی هەیە، لە دهۆکیش 33 بنکەی دەنگدان و 142 وێستگەی دەنگدان هەیە، سەبارەت بە هەڵەبجەش یەک بنکەی دەنگدان و سێ وێستگەی دەنگدان هەیە.
لە شارەکانی دیکەش بەو شێوەیە دەبێت:-
- بەغدا- ڕەسافە، ژمارەی بنکەکانی دەنگدان یەک بنکە و دوو وێستگەی دەنگدانی هەیە.
-لە نەینەوا ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی چوار بنکە و پێنج وێستگەی دەنگدان هەیە.
-لە کەرکووک، یەک بنکە و دوو وێستگەی دەنگدان هەیە.
-دیالە یەک بنکە و یەک وێستگەی دەنگدانی هەیە.
-ئەنبار یەک بنکە و یەک وێستگەی هەیە.
-بەغدا - کەرخ، دوو بنکەی دەنگدان و هەشت وێستگەی دەنگدان هەیە.
- واست یەک بنکە و یەک ێستگەی هەیە. جێگەی باسە، پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر7ـی بەیانی بۆ 6ـی ئێوارە دەبێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.