ڕیال مەدرید شوێنگرەوەی مۆدریچی دۆزییەوە
فلۆرێنتینۆ پێرێز نایەوێت تووشی هەمان ئەو گرفتە بێت كە لە دوای ڕۆیشتنی تۆنی كرووس ریال مەدرید تووشی بوو، لەم پێناوەشدا ئانچیلۆتی لە ئێستاوە شوێنگرەوەیەكی بۆ مۆدریچ ئامادە كردووە
یانەی ریال مەدرید لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو یاریزانێك بۆ شوێنی لوكا مۆدریچ بدۆزێتەوە و نایەوێت بە دەردی تۆنی كرووس بچێت كە تا ئێستا لەم وەرزە نەتوانراوە شوێنەكەی پڕ بكرێتەوە.
لوكا مۆدریچی تەمەن 39 ساڵ تەنیا بۆ یەك وەرز گرێبەستەكەی لەگەڵ ڕیال مەدرید نوێ كراوەتەوە، ئەم وەرزە دوایین وەرزی دەبێت لەگەڵ قەڵای سپی مەدرید.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی داریۆ ئاسی ئیسپانیا، یانەی ڕیال مەدرید ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی لە ئیستاوە لەگەڵ ن یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست ڕێك بكەوێت بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو بیكاتە شوێنگرەوەی لوكا مۆدریچ.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە بەرپرسانی مێرنگی نایانەوێت تووشی هەمان ئەو گرفتە بن كە لە دوای ڕۆیشتنی تۆنی كرووس یانەكە ڕووبەڕووی بووەتەوە، لەم پێناوەشدا فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ڕیال مەدرید لەڕێگەی نوێنەرەكانی هەوڵەكانی بۆ ڕازیكردنی فلۆریان ڤێرتزی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی لیڤەركووزن چڕ كردووەتەوە، ڕیال مەدرید دەیەوێت ئەم یاریزانە لە هاوینی 2025 بگوازێتەوە و بیكاتە شوێنگرەوەی لوكا مۆدریچ.
ڤێرتزی ئەڵمانی، وەرزی ڕابردوو لەگەڵ یانەی لیڤەركوزن ساڵێكی مێژوویی تێپەڕ كرد، نازناوی بۆندزلیگا، جام و سووپەری ئەڵمانیای بەدەست هێنا و بە باشترین یاریزانی بۆندزلیگاش دەستنیشان كرا، لەگەڵ یانەكەش گەیشتە یاریی كۆتایی یۆرۆپالیگ.
ڤێرتزی تەمەن 21 ساڵ لە هەمان پێگەی مۆدریچ یاریی دەكات، گرێبەستەكەی لەگەڵ لیڤەركووزن لە هاوینی 2027 كۆتایی دێت، ئێستاش لە بۆرسەی یاریزانان نرخی بە 130 ملیۆن یۆرۆ جێگیر كراوە.
ڤێرتز لەگەڵ لیڤەركووزن بەشداریی 162 یاریی كردووە، 47 گۆڵ و 51 ئاسیستی هەیە، وەرزی رابردووش لەڕووی بڕینی یاریزانانەوە لوتكەی ریزبەندی لەسەر ئاستی بۆندزلیگا گرتبوو.