ڕاپەڕین و مانگرتن لە دژی فیفا دەست پێ دەكات

بەهۆی فراوانبوونی ئەو هەموو و خول و پاڵەوانێتییانەی كە ئێستا زیاد بوونە بیر لەوە كراوەتەوە یاریزانانی ئەورووپا لە دژی فیفا راپەڕن و مانبگرنێكی سەرتاسەری رابگەیەنن

ئێرلینگ هالاند هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی نەرویج
ئێرلینگ هالاند هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی و هەڵبژاردەی نەرویج

خولەكانی ئیسپانیا و ئینگلاند بە هەماهەنگی لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یاریزانە پیشەگەرەكانی تۆپی پێ كە ناسراوە بە (FIFPro) بڕیاریانداوە لە دژی فیفا ڕاپەڕن و هەڕەشەی مانگرتن و بایكۆتی سەرتاسەری خولەكانی فیفا دەكەن.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ساز بكرێت كە تێیدا لەو كۆنگرەیە باسی ناوەڕۆكی ئەو سكاڵایە دەكرێت كە لە دژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی تۆمار دەكرێت، سكاڵایەكەش لەژێر ناونیشانی "پاراستنی تەندروستی یاریزانان، لەگەڵ پارێزگاریكردن لە پاڵەوانێتییە نیشتیمانییەكانی ئەورووپا لە دژی بڕیارەكانی فیفا".
ئەم نارازیبوون و هەنگاوە هاوبەشەی نێوان خولەكانی ئیسپانیا و ئینگلاند بەهۆی فراوانبوونی ئەو هەموو خولەیە كە ئێستا زیاد بووە، ئەمەش فشارێكی زۆری لەسەر یاریزانان دروست كردووە بەهۆی خشتەی ئەو هەموو یارییە كە وادەكات تەندروستی یاریزانەكان بكەوێتە ژێر هەڕەشە، بەمەش بیر لەوە كراوەتەوە یاریزانانی ئەورووپا لە دژی فیفا راپەڕن و مانبگرن.
خاڤیێر تیباس، سەرۆکی ئەنجوومەنی لالیگا رایگەیاندووە هیچ خولێکی نێوخۆیی ئەورووپا بەو هەموو پاڵەوانێتییە جۆراوجۆرە رازی نییە كە بەشێكیان تەنیا دەرفەت بۆ بەشداریكردنی نزیكەی 300 یاریزان دەڕەخسێنێت، بەڵام لەولاوە زیان لە هەزار یاریزانی دیكە دەدات كە ناتوانن بەشداریی لەو پاڵەوانێتییانە بكەن، ئەمەش جۆرێكە لە نادادپەروەری و ئاڵۆزی لە خشتەی یارییەكان.
تێباس گوتیشی: كارێكی هەڵەیە كە پاڵەوانێتییەكی تۆپی پێی جیهانی بۆ 300 یاریزان و 20 تیپ ڕێکبخرێت، لەكاتێكدا لە ئەوروپا 50 هەزار یاریزانی پیشەگەر هەیە، ئەم یاریزانانە مانگانە لە نێوان هەزار یان دوو هەزار یۆرۆ یان ڕەنگە ملیۆنێک یان دوو ملیۆن یۆرۆ داهاتیان هەبێت، خێزانەکانیان پشتی پێدەبەستن، بۆیە پێویستە فیفا واز لەو پیشەسازی و بارزگانە زیادانە بێنێت، چونكە كاریگەری لەسەر ژیان و بژێوی یاریزانان دروست دەكات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، تێباس رایگەیاند ئێستا ئەو خولانەی ئەورووپا كە لە ئاستێكی مامناوەند دان بەدەست ئەو شێوازە نوێیەی چامپیۆنزلیگ دەناڵێنن و بەهای خۆیان لە بازاڕ لەدەست دەدەن. دەشڵێت: ئەم بابەتە کاریگەری لەسەر ئەو یاریزانانە دەبێت کە بەشداری ئەم پاڵەوانێتیانە ناکەن، چونکە پارەیەکی کەمتریان دەستدەکەوێت، بۆیە هیوادارم چیتر فیفا و یوێفا بڕیاری تاكلایەنانە نەدەن و پێویستە راوێژ لەگەڵ لایەنەكانی پەیوەندیدار بكەن و چیتر بەم شێوەیە مامەڵە نەكەن.
ئەمەش لە كاتێكدایە بەرپرسانی فیفا رایانگەیاندووە ئەو گۆڕانكارییە نوێیانە و ئەو خشتەیەی ئێستا كە بۆ بەڕێوەچوونی خول و پاڵەوانێتییەكان پشتی پێدەبەسترێت بە ڕەزامەندی کۆی دەنگی ئەنجومەنەکەی داڕێژراوە، پێشوەختەش ڕاوێژ لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یاریزانانی پیشەگەر و بەرپرسانی خولە ناوخۆییەکان كراوە.