نەبەرد عومەر: لە هەرێمی کوردستان 112 هەزار کارتی دەنگدان وەرنەگیراوەتەوە
بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق ڕایگەیاند: "هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە ئەوەی کارتی بایۆمەتری وەرنەگرتووەتەوە تاکو سبەینێ بەیانی دوای دەوام، دەتوانێت وەری بگرێتەوە".
دووشەممە، 14ـی ئۆکتۆبەری 2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سبەینێ 15ـی ئۆکتۆبەر تاکو 12 شەو کۆتایی بانگەشەی هەڵبژرادنە، هەروەها سبەینێ لەدوای تەواو بوونی دەوامی فەرمی، کۆتا ڕۆژی کارتی بایۆمەترییە، بۆیە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە ئەوەی کارتی بایۆمەتری وەرنەگرتووەتەوە تاکو سبەینێ بەیانی دوای دەوام دەتوانن وەری بگرنەوە".
دەشڵێت: "تاکو ئێستە نزیکە 112 هەزار کارتی بایۆمەتری لە ئۆفیسەکانی دهۆک، سلێمانی، هەولێر ماونەتەوە. لە دهۆک 12 هەزار کارت، لە سلێمانی 73 هەزار کارت و لە هەولێریش 27 هەزار کارتی بایۆمەتری ماوە، ئێمە وەکو کۆمیسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانمان تەواو کردووە و هەر کەسێکیش تاکوو بەیانی کەرتەکانی وەنەگرتبێتەوە دەگەڕێنرێتەوە بەغدا".
نەبەرد عومەر ڕاشیگەیاند: "ئەو هاووڵاتییانەی کە کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتبێتەوە ناتوانن دەنگ بدەن، لای خۆشمانەوە ئێمە سوپاسی ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکان دەکەین، کەوا هەماهەنگ و هاوکارمانن لە ماوەی تۆمارکردن، ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکان لەگەڵمانن، هەروەها کار ئاسانی بۆ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە دەکەن کە بۆ هەرێمی کوردستان دێن".