رووماڵ

ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە

هەڵمەتی بانگەشەی پارتی لە یاریگەی یانەی دهۆک (ئەرشیف)
هەڵمەتی بانگەشەی پارتی لە یاریگەی یانەی دهۆک (ئەرشیف)

بە گوێرەی ئەو وادەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمان دیاری کردبوو، ئەمشەو کاتژمێر 12، لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەڵمەتی بانگەشە کۆتایی دێت.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات، ماوەی 20 ڕۆژی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشە دیاری کردبوو کە لە 25ی ئەیلوول تاوەکوو 15ی تشرینی یەکەمی 2024 بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا لیست، هاوپەیمانیی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان بانگەشە بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن. 

لە بارەی دەستێکردنی هەڵمەتەکەش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: "هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى و مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان".

بە گوێرەی بڕیار و ڕێنمایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمشەو کاتژمێر 12 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت و هەر کاندید و لیستێک تا کۆتایی هاتنی دەنگدانی تایبەت لە 18 و دەنگدانی گشتیی لە 20ی ئەم مانگە بە هەر شێوازێک بانگەشە بکات، ئەوە بەسەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن لەسەری هەژمار دەکرێت، بۆ ئەمەش بە گوێرەی یاساکانی هەڵبژاردن چەند سزایەک بۆ لایەنی سەرپێچیکار دەست نیشان کراوە.

هەروەها پێشتر جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی ڕایگەیاندبوو، دوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی، پێویستە لیست و کاندیدەکان لە 30 ڕۆژ پۆستەرەکانیان لاببەن.

هەر لەم بارەوە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاندووە: "هەر کاندید و لایەنێک لە ماوەی دیاریکراو پۆستەرەکانی بانگەشە لا نەدات، ئەوە ڕووبەڕووی سزای پێبژاردن دەبێتەوە".

بڕیارە هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024، بە بەشداری 215 هەزار ئەندامی هێزەکانی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامە کوردەکانی نێو هێزەکانی سوپای عێراق دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوەندەکانی دەنگدانی تایبەت ئامادەکراون و دابەشی سەر 165 بنکە و 749 وێستگە کراون و پرۆسەی دەنگدانیش لە کاتژمێر7ـی بەیانی بۆ 6ـی ئێوارە دەبێت.

هەروەها جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)، بۆ یەکەمجارە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەنگدەرانی تایبەت دەتوانن لە هەشت پارێزگای عێراق دەنگ بدەن.

بنکەکانی دەنگدانی تایبەت بۆ ڕۆژ هەینی بەم شێوە دابەشکراون:

دەنگدانی تایبەت لە هەولێر 

62 بنکە

306 وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی 

57 بنکەی 

276 وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە دهۆک

33 بنکە

142 وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە

یەک بنکە

سێ وێستگە

بنکەکانی دەنگدانی تایبەت بۆ ڕۆژ هەینی لە سنووری پارێزگاکانی عێراق بەم شێوە دابەشکراون:

دەنگدانی تایبەت لە کەرخ – بەغدا

دوو بنکەی دەنگدان 

هەشت وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە ڕەسافە - بەغدا

یەک بنکە 

دوو 

دەنگدانی تایبەت لە نەینەوا

چوار بنکە 

پێنج وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە کەرکووک

یەک بنکە 

دوو وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە دیالە 

یەک بنکە 

یەک وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە ئەنبار

یەک بنکە 

یەک وێستگە

دەنگدانی تایبەت لە  واست 

یەک بنکە 

یەک وێستگە

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کۆی گشتیی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرن، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.