رووماڵ

سەرۆک بارزانی: لەگەڵ بەغدا خەریكین عێراق و كوردستان نەكەوێتە ناو ئەو ئاگرەی هەیە

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی لەنێو ئاپۆرای جەماوەری پارتی لە شاری هەولێر بۆ پاڵپشتی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە لەگەڵ برادەرانی بەغدا خەریكین بە هەموو شێوەیەك كە عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی، نەكەوێتە ناو ئەو ئاگرەی كە هەیە.

سێشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک بارزانی لەنێو ئاپۆرای جەماوەری پارتی لە شاری هەولێر بۆ پاڵپشتی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکیدا گوتی: ئێمە لە كاتێكدا دەچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن كە ناوچەكە لە دۆخێكی ئاڵۆز و حەساسدایە، ئێمە لەگەڵ برادەرانی بەغدا خەریكین بە هەموو شێوەیەك كە عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی، نەكەوێتە ناو ئەو ئاگرەی كە هەیە و هەموو ئومێدمان ئەوەیە كە لایەنەكان هەموویان پەنا ببەنە بەر دیالۆگ و بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەری ئەو مەشاكیلانەی هەیە، بیكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی مەسئولینی بەغدایە و ئەركی هەرێمیشە كە هەوڵ بدەن، عێراق و هەرێم نەكەونە ناو ئەو ئاگرە.

سەرۆک بارزانی گوتی: پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، ئێستا پەیوەندیی پارتی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری حزبەكانی عەرەبی چ شیعە و چ سوننە لە عێراق، پەیوەندییەكی باشە و لە ئاستێكی باشدایە و بەینی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغداش تا حەدێكی زۆر تەفاهوم دروست بووە و ڕێگەی چارەسەری گرفتەكان گیراوەتە بەر و لەگەڵ بەڕێز سوودانی، سەرۆك وەزیران، تەفاهومێكی باش هەیە و ئێمە ئومێدەوارین كە دوای ئەم هەڵبژاردنە، هەموو ئەو موشكیلانەی كە هەنە، بنبڕ بكرێن و چارەسەر بكرێن.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: ئێمە لەگەڵ چارەسەرین، بەڵام قەت و قەت موساوەمە لەسەر مافی خۆمان ناكەین. چەند بنەمایەك هەن كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە رێككەوتین، بەڵام بەداخەوە كاری پێ ناكەن، شەراكەت و تەوازن و تەوافوق، دەستوور هەیە و ڕێككەوتنی سیاسیش هەیە، ئەگەر كار بەمانە بكرێت، هیچ كێشەیەك لە نێوان هەرێم و بەغدا نامێنێت.

لەبارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش، سەرۆک بارزانی گوتی: لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمییەكانیش پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان باشە و بەرەو باشی دەچێت، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین كە لەگەڵ هیچ لایەك و لەگەڵ هیچ دەوڵەتێك گرفتمان هەبێت، بەڵام ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین، ئێمە بڕیاری خۆمان تەسلیمی هیچ كەسێك ناكەین.

سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریش گوتی: مەترسیی تیرۆر هێشتا هەر هەیە، بۆیە ئێمە هیوادارین بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانان بگاتە ڕێككەوتنێكی ڕێكوپێك بۆ ئەوەی بەردەوام ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە هەبێت تاوەكوو جارێكی تر داعش نەتوانێت سەرهەڵبداتەوە.