لاهور شێخ جەنگی: ئاشکرا بووە کێن ئەوانەی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن

لاهور شێخ جەنگی
لاهور شێخ جەنگی

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە، کێن ئەوانەی بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر و کەلو پەلی قەدەغەکراوەوە دەکەن.

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی هێرشی توند دەکاتە سەر بافڵ و قوباد تاڵەبانی و جەخت دەکاتەوە، ئێستا ئەو دوو برایە کەوتوونەتە گیانی شاری سلێمانی، تەنانەت چیاو دۆڵ و كێوەکانی ئەو شارەش دەستی بەسەردا دەگرن و دەیفرۆشنەوە.

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: ئێستا بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە ئەوانە کێن بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر و کەلوپەلی قەدەغەکراو دەکەن، بەڕۆژ باسی کوردایەتی دەکەن، بە شەویش کوڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ مەرگ و لە سێدارەدان ڕادەستی وڵاتانی دراوسێ دەکەن.

لاهور شێخ جەنگی گوتی: من وامزانی کوڕی مام جەلالن، دەرکەوت نەوەک زەوییەکان، بەڵکو ئێستا شاخ و بەرزایی و چیاکان داگیر دەکەن و دیفرۆشنەوە.

لاهور جەنگی لە گوتارەکەیدا گوتی: قاچاخچیەتی بە دەرمان و  ماددەی هۆشبەر و  هێلکە و هەموو خواردنێکی خراپەوە دەکەن، باکیان بە سەلامەتی و ژیانی خەڵکی سلێمانی و ئەم دەڤەرە و هەموو هەرێمی کوردستان نییە، دەڵێت: ئەو پارەیەی لە سلێمانی و خەڵکی سلێمانی دەدزرێت، لە وڵاتانی دەرەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئێستا مێژوو شاهێدە، خەڵکیش شاهێدە، سلێمانی و کوردستان شاهێدن، کێن ئەوانەی بازرگانی بە کاسەی سەری لاوانی کوردستانەوە دەکەن بۆ دەوڵەتانەی دراوسێ، کێن ئەوانەی بەناوی کوردایەتی ساختە و درۆینەدا، بەڕۆژ باسی چوار پارچەی کوردستان دەکەن و بە شەویش، کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وەک دیل ڕادەست دەکەنەوە و مامەڵەیان پێوە دەکەن.

لاهور جەنگی گوتیشی: کێن ئەوانەی نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی سلێمانی دەفرۆشن بە کۆمپانیاکانی خۆیان، خەڵک دەیزانێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment