برۆکسل میوانداری یەکەمین لوتکەی کەنداو و ئەورووپا دەکات
یەکەم لوتکە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو کۆدەکاتەوە.
چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، یەکەمین کۆبوونەوەی کەنداو و ئەورووپا دەست پێدەکات، ئامانج لە کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردنە لەبارەی25 ساڵەی هاوکاریی و هاوبەشیی نێوان هەردوو بلۆکەکە لەسەر بنەمای دیالۆگ و بەرژەوەندی هاوبەش، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری، چاوەڕێش دەکرێت گفتوگۆکانی ئەو لوتکەیە تیشکی زیاتر بخاتە سەر پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان .
سەرکردەکانی شەش وڵاتی کەنداو (سعودیە، بەحرەین، ئیمارات، کوەیت، عومان و قەتەر) بەشداری یەکەم کۆبوونەوە دەکەن لەگەڵ هاوتاکانیان لە یەکێتی ئەورووپا لە پایتەختی بەلجیکا.
لوتکەی برۆکسل، یەکەمین کۆبوونەوەیە لەسەر ئاستی سەرۆک وڵاتان و حکوومەتەکان لەوەتەی پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی 1989 دەستیپێکردووە و بە بەشداری 33 سەرۆک دەوڵەت و سەرۆک وەزیران بەڕێوە دەچێت.
کاربەدەستانی یەکێتی ئەورووپا دەڵێن: بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلە لە غەززە و لوبنان و مەترسی بڵاوبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکە.
بەرپرسێکی باڵای ئەورووپا دەڵێت "یەکێک لە ئامانجەکانی لوتکەکە خۆلادانە لە شەڕی سەرتاسەری."
وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا هەوڵ دەدەن پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ شەش وڵاتی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بەهێز بکەن.
یەکێتی ئەورووپا دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداوە، دیپلۆماتکارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە "بۆچوونەکانمان زیاتر لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەنگن."
گوتی "ئێمە وەک یەکێتی ئەورووپا و ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو دەمانەوێت سەقامگیری لە ناوچەکە هەبێت و گرژییەکان هێور بکرێنەوە.