ڕاهێنەرێکی کورد، بڕوانامەی وەک باشترین 10 دادوەرەکانی جیهان بەدەست هێنا
چوارشەممە،16 ئۆکتۆبەری 2024 هێمن مەهدی، ڕاهێنەری تایکواندۆ و ڕاهێنەری یانەی وەرزشی قەڵا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "چالاکی و دەستکەوتم زۆرە و لە ساڵی 2017وە خاوەنی شەش خەڵاتی نێودەوڵەتیم، لەسەر ئاستی جیهان، پێنج خەڵاتیان زێڕن یەکێکیان زیووە. لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیاش خەڵاتێکی زێڕم هەیە، خەڵاتێکی دیکەی زێڕیشم لە ئەمەریکا هەیە.
ئەو ڕاهێنەرە دەڵێت: "یەکەم یاریزانم لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆرترین نازناوم هەیە، هەروەها ئەم ساڵیش بوومە خاوەی پشتێنی ڕەش و شەشدانی نێودەوڵەتی کە یەکەم شەشدانە لەسەر ئاستی عێراق."
دەشڵێت: "لە خولێکی 15 ڕۆژەدا بەشداریم کرد، ئەمڕۆش بڕوانامەی بوون بە باشترین دادوەرەکانی جیهانم پێ گەیشت، لەگەڵ باشترین ماستەر لە تایکواندۆ، لەسەر ئاستی عێراقیش دوو بڕوانامەی کلاسی دووم هەیە، کە تاکوو ئێستە هیچ کەسێک لە عێراق ئەو بڕوانامەی نییە. هەروەها هەر لەم مانگەدا بەشداریی ئۆلۆمپیادی جیهانیم کرد، دوو خەڵاتی زێڕم بەدەست هێنا بە ڕیکۆردی جیهانی، کە یەکێکیان بریتی بوو لە شکاندنی 16 کاشیی هێز، ئەوی دیکەش بە شکاندنی کاشیی خێرا، بەوەش لە وڵاتانی جیهان نازناوی پاشای شکاندنی لێ نرا.
ئەو ڕاهێنەرە گوتیشی: "پسپۆڕی هەڵسەنگاندنەکانی نێودەوڵەتیشم، واتە هەرکەسێک کە دەبێتە خاوەنی پشتێنی ڕەش لەیەک دان تاکوو پێنج دان من بەرپرسم لەو هەڵسەنگاندنە بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئۆلۆمپیادی نێودەوڵەتی، هەروەها نوێنەری کۆریاشم لە عێراق. لەگەڵ ئەوەش دا، ماوەی دوو ساڵە زیاتر لە 700 بڕوانامەم کردووە بۆ کوردستان".
ئاماژەی بەوەش دا: "لە ساڵی 2017 یەکەمی جیهان بووە، ساڵی 2019 یەکەمی لە ئەندەنوسیا یەکەمی ئاسیا بووە، ساڵی 2020ـیش یەکەمی ئەمەریکا بووە کە 37 وڵات تێدا بەشدارییان کردووە، ساڵی 2023 یەکەمی جیهان بووە، ساڵی 2024 دووجار یەکەمی جیهان بووە، ساڵی 2023 لە خولێکی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی لە شیکاگۆ کردووە و خەڵاتی باشترین دادوەری بەدەست هێناوە."
هێمن مەهدی، ڕاشیگەیاند: "ساڵی 2015 بڕوانامەی ماستەر لە ئەکادیمیای تایکواندۆی جیهانیم وڵاتی کۆریا بەدەست هێناوە، ساڵی 2019 بڕوانامەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیم لە وڵاتی تونس بەدەست هێناوە، ساڵی 2021 دەست نیشان کرام وەک شارەزا لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی پشتێنی ڕەشی تایکواندۆ لە ناوەندیی تایکواندۆی جیهانی، ساڵی 2022 بڕوانامەی دادوەری نێودەوڵەیتیم لە ئەکادیمیای تایکواندۆی وڵاتی کۆریا بەدەست هێناوە، ساڵی 2023 بڕوانامەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە وڵاتی ئەمەریکا بەدەست هێناوە، ساڵی 2024 بڕوانامەی ماستەری ئاستی دووەم وە بڕوانامەی دادوەری ئاستی دووەم و وەک باشترین 10 دادوەرەکانی جیهان هەڵبژێردراوە، ساڵی 2024 بڕوانامەی ئەندامیەتی یەکێتیی تایکواندۆی نەریتی جیهانی ڕێزلێنانی کەسایەتیی جیهانی لە وڵاتی کۆریام بەدەست هێناوە، هەروەها ساڵی 2024 خەڵاتی ڕێزلێنان وە کەسایەتی جیهانی لە وڵاتی بەڕیتانیا بەدەست هێناوە."