ساڵی داهاتوو خواست لەسەر نەوتی خاو دەگاتە 105.78 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا

لە نێو نیگەرانییە بەردەوامەکانی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو، بە تایبەت چین وەک یەکێک لە گەورەترین بەکاربەری نەوتی خاو لە جیهاندا، ڕێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت ناسراو بە ئۆپێک، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو بۆ هەردوو ساڵی 2024 و 2025 کەم کردەوە، هاوکات خەمڵاندنەکانی بۆ خستنەڕووی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی دەرەوەی گرووپی ئۆپێک پڵەس بە جێگیری هێشتەوە.

ئۆپێک پێشبینی دەکات خواست لەسەر نەوتی خاو لەساڵی 2024 بە 1.93 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بێتەوە، بەراورد بە پێشبینی مانگی ڕابردوو کە 2.03 ملیۆن بەرمیل بوو، پێشبینیەکانی کەم کردووەتەوە، بەو واتایەی ئەم ساڵ کۆی خواستی جیهان بۆ نەوتی خاو بەرز دەبێتەوە بۆ 104.14 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. 

لەسەر بنەمای چارەگی ساڵانە پێشبینی دەکرێت خواست لەسەر نەوتی خاو لە چارەگی کۆتایی 2024 بگاتە بەرزترین ئاست و بۆ 105.61 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بێتەوە.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ ساڵی 2025، ئۆپێک پێشبینیی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو بە 102 هەزار بەرمیل بەراورد بە مانگی رابردوو بۆ  نزیکەی 1.64 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردووەتەوە، بەمەش ساڵی داهاتوو کۆی گشتی خواست لەسەر نەوتی خاو دەگاتە 105.78 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

پێشبینیەکانی ڕێکخراوی ئۆپێک لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا لە دوایین ڕاپۆرتی مانگانەیدا، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو بۆ ساڵی 2024 بۆ 920 هەزار بەرمیل و لە ساڵی 2025 بۆ 1.290 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم کردوە.

لەبارەی خستنەڕووی نەوتی خاو لە لایەن وڵاتانی دەرەوەی گرووپی ئۆپێک پڵەس، ڕێکخراوەکە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی خستنەڕووی نەوتی خاو لە ساڵی 2024 و 2025 بە جێگیری هێشتەوە، پێشبینی دەکات ئەم ساڵ خستنەڕوو بە 1.23 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ساڵی داهاتوو بە 1.11 ملیۆن بەرمیل بەرز بێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەر یەک لە وڵاتانی ئەمەریکا، کەنەدا، بەرازیل و چین پشکی سەرەکی گەشەی خستنەڕوو پێک بهێنن.

لەنێو دابەزینی گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو و ئاماژەکان بۆ بەرزبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی خاو، چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو نرخی نەوت بکەوێتە ژێر گوشارەوە.

 
Fly Erbil Advertisment