ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەورووپا بۆ نزمترین ئاستی 40 مانگی ڕابردوو دابەزی

ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەورووپا بۆ ئاستێکی نزمتر لەوەی پێشبینیی دەکرا دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی 40 مانگی ڕابردوو.

بەپێی دوایین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئەورووپا، ڕێژەی هەڵاوسان لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ 1.7 لەسەد دابەزیوە، ئەوە لەکاتێکدا کە پێشبینی دەکرا ڕێژەکە 1.8 لەسەد بێت.

ئەو داتایەی ڕاگەیەنراوە هی مانگی سێبتەمبەرە، بەراورد بە مانگی ئاب دابەزینێکی خێرای بەخۆیەوە بینیوە کە لەو مانگەدا بە 2.2 لەسەد دەستنیشان کرابوو.

لەدوای دەستپێکی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەورووپا بۆ سەروو 10 لەسەد بەرز بووەوە، بانکی ناوەندیی ئەورووپا چەند ڕێکارێکی بۆ دابەزاندنی ڕێژەی هەڵاوسان گرتەبەر و ئامانجی بوو بۆ دوو لەسەد دایبەزێنێت، بەڵام ئیستە ئەوەی دەردەکەوێت ئەوەیە کە ڕێژەکە بۆ کەمترە لە ئاستی ستاندارد دابەزیوە ئەوەش پێدەچێت ببێتە هۆکار بۆ خاوبوونەوەی ئابووریی ئەورووپا لە مانگەکانی داهاتوودا.