وەزیری سامانە سروشتییەکان: لەگەڵ بەغدا دەگەینە چارەسەر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێشبینی ئەوە دەکەین لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بگەینە ڕێگەچارەیەکی گەنجاو.
کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت بو کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیانی لە داهاتی هەرێم و بەغدا داوە، ڕاشیگەیاند: حکوومەتی هەرێم کێشەی نییە ئەگەر نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە بڕوات و داهاتەکەی بچێتە گەنجینەی فیدراڵی، کێشە لە تێچووی دەرهێنانی نەوت و کۆمپانیاکانن بەو 6 دۆلارەی بۆیان داندراوە ڕازی نین، گوتیشی: کۆمپانیاکان گوشاریان لە حکوومەتی عێراق کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئێستا شاندێک لە بەغداوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرسە.
کەمال محەمەد گوتی: زیانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، بەر عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیش کەوت، دەشڵێت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئاسانکاریی کرد بۆ ئەوەی نەوت هەناردە بکرێتەوە، کۆمپانیاکانی کە گرێبەستمان لەگەڵیان هەیە، سێ جار لەگەڵ خۆمان بردوومانەتە بەغدا، ئەگەر ئەوان ڕازی بن بەو هەمووارەی بۆیان کراوە، ئێمە کێشەمان لەسەری نییە، بەو پارەیەی بۆیان داندراوە، کۆمپانیاکان ناتوانن نەوت بەرهەم بێنن، دەڵێت: پێشبینی ئەوە دەکەین لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو پرسە بگەینە ڕێگەچارەیەکی گەنجاو.