کونسوڵی ڕووسیا: گرنگە چاودێرانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان لە هەڵبژاردنی کوردستاندا ببین
کونسوڵی گشتی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی هەریمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە چاودێرانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ببینن.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماکسیم رۆبن، کۆنسوڵی گشتیی رووسیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو فەرمانگەیە، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە ڕۆڵ و هەماهەنگی فەرمانگە و ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانیەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد، کونسوڵی گشتیی رووسیای فیدراڵ ئامادەیی نیشاندا بۆ پشتیوانیی رێکخراوە ناحکومییەکان.
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵی گشتی ڕووسیا ئاماژەیان بە دروستکردنی پەیوەندیی کرد بۆ هێنانی بەخشەری زیاتر لەپێناو پێشخستنی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی ناردنی گەنجانی کوردستان بۆ ڕووسیا کرا بۆ ئەوەی بەشداریی خوولی پێگەیاندن و بەهێزکردنی تواناکانیان بکەن، لەگەڵ هاتنی ڕێکخراوەکانی ڕووسیای فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان.
هەردوولاش دووپاتیان کردەوە کە هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گرنگن، پێیان وابوو دەرگایەکی دیموکراسیە و تێیدا میللەت نوێنەری خۆی هەڵدەبژێرێت.
کونسوڵی گشتی ڕووسیای فیدراڵیش دووپاتی کردەوە، گرنگە چاودێرانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ببینن.