هاندەرانی بارسێلۆنا هەواڵێكی خۆش و ناخۆشیان پێگەیشت

بارسێلۆنا رووبەڕووی یانەیەك دەبێتەوە كە 15 یارییە لەسەریەك بەرامبەر ئەو یانەیە نەدۆڕاوە

لامین یامال، گاڤی و باڵدی لە دوایین راهێنانەكانی بارسێلۆنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سێڤییا
لامین یامال، گاڤی و باڵدی لە دوایین راهێنانەكانی بارسێلۆنا بۆ رووبەڕووبوونەوەی سێڤییا

بارسێلۆنا لە گەڕی دەیەمی لالیگا و لە یاریگای خۆی پێشوازی لە سێڤییا دەکات، پێش یارییەکە هانسی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەکە، ئامادەبوونی  گاڤی، یامال، ئۆڵمۆ و فێرمین لۆپێزی بۆ یارییەکە راگەیاند، بەڵام دوای کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە، سەرچاوەکانی ئیسپانیا بڵاویان کردەوە، دی یۆنگ جارێکی دیکە تووشی پێکان بووەتەوە.
بارسێلۆنا  لە کاتێکدا لە گەڕی دەیەمی لالیگا سبەی یەكشەممە كاتژمێر 10:00ـی شەو میوانداریی سێڤییا دەکات، 15 یارییە لەسەر یەک بەرامبەر ئەو یانەیە نەدۆڕاوە، دوایین دۆڕانیشیان بەرامبەر یانەکەی هەرێمی ئەندەلوس، نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر واتە ساڵی 2016 بوو.
دوای پێکانەکەی مارک ئاندرێ تێرشتیگن، بارسێلۆنا گۆڵپارێزێکی خانەنشینی گواستەوە، ئەویش ڤوچیک چیزنی پۆڵەندی بوو، بەڵام ئەو گۆڵپارێزە بۆ ئەم یارییە و هەروەها بۆ یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونیشن بەشداریی پێ ناکرێت.

فلیك هەواڵە خۆشەكەی راگەیاند
هانسی فلیک راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، گەڕانەوەی بەشێک لە یاریزانەکانی لە پێکان راگەیاند، هەروەها پشتراستیشی کردەوە، بۆ ئەم یارییەش چیزنی یاریی ناکات و پێینا گۆڵپارێزی سەرەکی دەبێت.
فلیك دەڵێت: گاڤی و ئۆلمۆ بۆ ئەم یارییە لەسەر کورسی یەدەگ دەبن و فێرمین لۆپێزیش چانسی ئەوەی هەیە بەشداریی یارییەکە بکات، هیچ هۆکارێک نابینم بۆ گۆڕینی گۆڵپارێز، پێنا بۆ ئەم یارییەش لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت، بەهەمان شێوە بەرامبەر بایرن میونشنیش لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت، قسەم لەگەڵ لامین یامال کردووە، تەندروستی باشە و سوپاسی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیاش دەکەم، کە پشووی پێدا''.
هانسی فلیک لە بەشێکی دیکەی  قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە هەوڵی ئەوەدایە فرەنکی دی یۆنگ لە پێکهاتەی سەرەکی بێت، بەڵام چەند کاتژمێرێکی کەم دوای کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە، سەرچاوەکانی ئیسپانیا بڵاویان کردەوە، ئەو یاریزانە هۆڵەندیە دووبارە تووشی پێکان بووە و بەشداری ئەو یارییە ناکات.
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا 122 یاریی لە رۆژانی یەکشەممە بەرامبەر سێڤییا لە لالیگا کردووە و لە 57 یاری براوە بووە و لە 29 یاریش دۆڕاوە، دوایین دۆڕانیشیان بەرامبەر ئەو یانەیە لە رۆژی یەکشەممە، نزیکەی 22 ساڵ لەمەوبەر واتە ساڵی 2002 بوو.