هەولێر.. کارەبای گەڕەکی نازنازیش بووەتە 24 کاتژمێری

هەولێر
هەولێر

بەپێی بڕیارێکی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کارەبای ھەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری و یەکەم جاریش ئەم بڕیارە لە گەڕەکی شادی له‌ شاری ھەولێر چووە بواری جێبەجێکرنەوە، ئێستا گەڕەکەی نازنازیش لە شارەکە کارەبایەکەی بووەتە 24 کاتژمێری.

دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

هەر ئەو کات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: جگە لە گەڕەکی شادی کە وەکوو یەکەم گەڕەکی هەولێر بۆ قۆناغی ئەزموونی پڕۆژەکە پێشنیار کرا، لە قۆناغی دووەم و جێبەجێکردنی سەرتاسەری پڕۆژەکەدا، لە بەیانیيەوە (گەڕەکی نازناز) و پاشانیش (گەڕەکی بەختیاری) دەچنە سەر کارەبای 24 کاتژمێری".

بۆیە ئێستا گەڕەکی نازنایش لە هەولێر هاوشێوەی گەڕەکی شادی کارەباکەی بووەتە 24 کاتژمێری، هەروەها گەڕەکی بەختیاریش بەم زووانە کارەباکەی دەبێتە 24 کاتژمێری.

گەڕەکی شادی: نزیکەی 26 هەزار هاووڵاتیی تێیدا نیشتەجێیە و، پێنج هەزار و 700 خانووی لێیە، هەروەها دوو هەزار و 200 شوێنی بازرگانی لێیە. ئێستا کارەباکەی 24 کاتژمێرییە.

گەڕەکی نازناز: نزیکەی هەشت هەزار هاووڵاتیی تێیدا نیشتەجێیە و، هەزار و 700 خانووی لێیە، هەروەها 400 فرۆشتگا و شوێنی بازرگانی لێیە. ئێستا کارەباکەی 24 کاتژمێرییە.

گەڕەکی بەختیاری: بەم زووانەی کارەباکەی دەبێتە 24 کاتژمێری، نزیکەی 19 هەزار هاووڵاتیی تێیدا نیشتەجێیە و، چوار هەزار و 100 خانووی لێیە، هەروەها 800 فرۆشتگا و شوێنی بازرگانی لێیە.