مێسی بووە گۆڵکاری مێژوویی سێ تیپی جیاواز

مێسی گۆڵکاری مێژوویی ئارجێنتینا و بارسێلۆنا و ئینتەر مەیامیە

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجێنتین و یانەی ئینتەر میامیی ئەمریکا، دوای گەڕانەوەی بۆ ڕیزەکانی یانەکەی، توانی سەرکردایەتیی سەرکەوتنێکی گرنگی یانەکەی، لە خولی ئەمریکا بکات و لە ماوەی 11 خولەک هاتریک، واتە سێ گۆڵ بۆ یانەکەی بکات.

ئینتەر میامی لە گەڕی 34 خولی ئەمریکا و لە کۆمەڵەی رۆژهەڵات میوانداریی نیوئینگلاندی کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی 6-2 لە خاوەن یاریگە بردەوە. یاریزانانی میوان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو باشتر دەستیان بە یارییەکە کرد و دوای تێپەڕبوونی تەنها دوو خولەک بەسەر یارییەکە، تۆڕی گۆڵی مێسی و هاوڕێکانیان هەژاند. پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم لە خولەکی 34 یاریزانانی نیوئینگلاند، بۆ جاری دووەم تۆڕی ئینتەر میامیان هەژاند و تاوەکو ڕادەیەکی زۆر هاندەرانی خاوەن یاریگەیان بێهیوا کرد.

نیوەی یەکەم بەردەوام بوو و لە خولەکەکانی 40 و 43 لویس سوارێز، توانی ئەنجامی یارییەکە بۆ یانەکەی یەکسان بکاتەوە. نیوەی دووەم جلەوی یارییەکە گۆڕا و یاریزانانی میامی کۆنترۆلی یارییەکەیان کرد، لە خولەکی 57 مێسی هاتە ناو یاریگە و لە خولەکی 58 بێنیامین گۆڵی سێیەم و پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە کرد.

یارییەکە بەردەوام بوو و هەموو ئامادەبووانی یاریگە چاویان لە قاچی مێسی بوو، ئەویش توانی لە خولەکی 78 گۆڵی یەکەمی خۆی و هەروەها چوارەمی یانەکەی بکات. مێسی هەر بەمە نەوەستا و لە خولەکی 81 دووەم گۆڵی خۆی و پێنجەمی یانەکەشی لە یارییەکە کرد، مێسی هەر بەمەش نەوەستا و لە خولەکی 89 توانی هاتریک بکات و یانەکەشی کردە خاوەنی نیو دەرزەن گۆڵ.

بەم بردنەوەیە ئینتەر میامی کۆی خاڵەکانی لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکا، گەیاندە 74 خاڵ و بلیتی بەشداری کردنی لە جامی جیهانی یانەکان مسۆگەر کرد، هەروەها ئەو یانەیە ژمارەیەکی پێوانەیی لە خولەکە تۆمار کرد و بووە یەکەم یانە، زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە.

ئەو ریکۆردانەی مێسی لەم یارییە تۆماری کرد

- 18مانگ لەمەوبەر پێش ئەوەی مێسی پەیوەندی بە ئینتەر مەیامی بکات، ئەو یانەیە لە کۆی 29 یانە لە خولی ئەمریکا، لە پلەی 29 ریزبەندی بوو، دوای هاتنی لیۆ ئەو یانەیە توانی پلەی یەکەمی ریزبەندی بەدەست بهێنێت و هەروەها خاوەنی هەشت خەڵاتی باڵۆن دۆر، بەشداری 34 گۆڵ کردووە.
- مێسی لە دوو یاریی رابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەکەی و هەروەها یانەکەی 6 گۆڵی کردووە، واتە دوو هاتریک.
- مێسی بووە گۆڵکاری مێژوویی سێ تیپی جیاواز واتە 672 گۆڵ بۆ بارسێلۆنا و 112 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی و 33 گۆڵ بۆ ئینتەر مەیامی.
- لیۆنێل مێسی خاوەنی 740 گۆڵە بەبێ هەژمار کردنی لێدانی سزا، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و هیچ یاریزانێک نەگەیشتووەتە ئەو ژمارە گۆڵانە.

 
 
Fly Erbil Advertisment