کۆمپانیای فڕۆکەوانیی لوفتهانزا ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ درێژ کردەوە

دووشەممە، 21-10-2024، گرووپی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی لوفتهانزای ئەڵمانیا ڕایگەیاند "ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ تاوەکوو 20 ڕۆژی دیکە درێژکردەوە" کە ئەمەش بەهۆی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. 

کۆمپانیاکە، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد "گرووپی کۆمپانیاکانی لوفتهانزا بڕیاری دا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ تاوەکوو 10ـی تشرینی دووەمی 2024 درێژ بکاتەوە."

لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی کۆمپانیاکە لە فرانکفۆرت، ڕایگەیاند "لە خشتەی گەشتە زستانەییەکانی کە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەست پێ دەکات، گەشتەکانیان بە شێوەیەکی کاتی، بۆ پەکینی پایتەختی چین ڕاگرتووە، ئەمەش بە هۆکاری ئابووریەوەیە."

گوتەبێژەکە ڕوونیشی کردەوە "لوفتهانزا گەشتی ڕۆژانە و ڕاستەوخۆی بۆ پەکین هەیە، لە ڕێگەی سەنتەری دووەمییەوە لە میونشن" دەشڵێت: "کۆمپانیاکە فڕۆکەی بۆینگ "ئەی 350" بەکار دەهێنێت، کە تێچووی سووتەمەنیەکەی زۆر کەمە و جۆرەکەی نوێیە، هەروەها پێشتر فڕۆکەی "ئەی 340"ـی بەکار دەهێنا بۆ گەشتەکانی فرانکفۆرت-پەکین."

کۆمپانیای لوفتهانزا لە بەیاننامەیەکی پێشوودا کە مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە ڕایگەیاندبوو "هێڵە ئاسمانییەکانی ئەورووپا لە ڕکابەرییەکی تەواو نایەکساندان لەگەڵ چین، هەروەها لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ناوچەی گەرووی بۆسفۆر."

کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردبوو "زیاتر لە دوو ساڵە و بە پێچەوانەی هێڵە ئاسمانییەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا، ڕێگای ئاسمانی ڕووسیا بەکاردەهێنن کە تێچووی کەمترە و کورتترە."

کۆمپانیای لوفتهانزا لە بەیاننامەکەدا ڕوونی کردەوە "هێڵە ئاسمانییەکان لە یەکێتیی ئەورووپا بە پێچەوانەوە زیاتر ڕووبەڕووی بارودۆخی سیاسی دەبنەوە کە توانای کێبڕکێیان لاواز دەکات، لەوانە زیادکردنی باج و ڕسومات، مەرجە ڕێکخراوەییە بەرزەکان، ڕێسای سیاسەتی کەشوهەوا، و ژێرخانی پێویست."

لوفتهانزا، داوای لە سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا و ئەورووپا کرد کە چارەی نوێ لە سیاسەتی پیشەسازیدا بدۆزنەوە بۆ چارەکردنی ئەم ناهاوسەنگییە.