سعوودیە واز لە ئەستێرەکانی ریاڵ مەدرید ناهێنێت
سعوودییەکان ئەستێرەیەکی دیکەی ریاڵ مەدرید دەکەنە ئامانج
سعوودییەکان واز لە ئەستێرەکانی ریاڵ مەدرید ناهێنن و ئەمجارە بەرگریکارێکی یانە شاهانەکەیان کردووەتە ئامانج.
وڵاتی سعوودییە هەموو هەوڵێك دەدات یانەکانی وڵاتەکەی پڕ ئەستێرەکانی تۆپی بکات و چەندین یاریزانی گەورەی بردووەتە وڵاتەکەی و پلانی بۆ چەند یاریزانێکی دیکەش داناوە.
لە خولی رۆشەنی سعوودی چەند یاریزانێکی دیاری پێشووی ریاڵ مەدرید یاریی لێدەکەن، وەك کریستیانۆ رۆناڵد و کەریم بێنزیما، ئەمساڵیش ناچۆ هێرنادز پەیوەندی بە خولی ئەو وڵاتەوە کرد.
رۆژنامەی ریلیڤۆی ئیسپانی ئەوەی بڵاوکردووەتەوە، کە سعوودییەکان هەوڵی گواستنەوەی ئانتۆنیۆ رۆدیگێری ئەڵمانی و بەرگریکاری ریاڵ مەدریدی ئیسپانی دەدەن.
پێشتر رۆدیگێر رایگەیاندبوو: دەمەوێت کاروانی وەرزشی لە وڵاتی سعوودییە کۆتایی پێبهێنم و ئەوە پلانی داهاتوومە.
سندوقی وەبەرهێنانی سعوودی ماوەیەك لەمەوبەر گەورەترین بڕی پارەیان بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس ئامادەکردبوو، ناوی یاریزانەکەش بە یانەی ئەهلی و هیلالی سعوودیەوە بەسترابووەوە.
مارکای ئیسپانی لە هەواڵێكدا ئوەی ئاشکراکرد، سعوودیە لە هاوینی داهاتوو جارێکی هەوڵی گواستنەوەی ڤینیسیۆس دەدات و یانەی هیلال ئامادەیە گەورەترین گرێبەست لە مێژووی تۆپی پێ لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکە واژۆ بکات.
رۆژنامەی مارکا نووسیویەتی: گرێبەستی نێیمار لەگەڵ هیلالی سعوودی شکستیخواردووە، لە سەرەتای ساڵی داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی دەکرێت، ئەگەر وەك پێویست نەبوو یانە سعوودییەکە یاریزانەکە بەڕێ دەکات.
ئانتۆنیۆ رۆدیگێری ئەڵمانی پێشتر یاریی بۆ یانەکانی رۆما و چێڵسی کردووە و بەهای ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان 25 ملیۆن یۆرۆیە، لە هاوینی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید کۆتایی دێت.