کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ستایشی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆمکاری عەرەبی
کۆمکاری عەرەبی

نوێنەری کۆمکاری عەرەبی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان 2024 ڕۆژی سێشەممە ستایشی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی گشتی ڕێکوپێک بووە و کەرەستەی هەڵبژاردن لە بنکەکانی دەنگداندا هەبووە.

کۆمکاری عەرەبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند : " لە چوارچێوەی پەرۆشی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بۆ پشتیوانیکردن لە پرۆسەی دێموکراسی و پتەوکردنی حوکمڕانی باش و وەڵامی بانگهێشتەکەی ئەحمەد ئەبولغەیس ئەمینداری گشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری عێراق بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ، سکرتێری گشتی لیژنەیەکی پسپۆڕی پێکهێنا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بە سەرۆکایەتیی وەزیری ڕێگەپێدراو مالیک موسڵی - بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەنداوی عەرەبی و یەمەن لەگەڵ کۆمژمارەیەک شارەزا لە ستافی سکرتاریەتی گشتی کۆمکاری عەرەبی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمکاری عەرەبی دەڵێت: "پرۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی گشتی رێکخستنێکی باشی بۆ کرابوو، چونکە ڕێوشوێنەکانی کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان بە دروستی و لەکاتی خۆیدا جێبەجێ کراون و کەرەستەی هەڵبژاردن لەو بنکانەی سەردانیان کردوون بەردەست بوون."

دەشڵێت:  ئامادەبوونی بریکاری کاندیدەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە ڕێژەیەکی بەرز بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان و بوونی هێزە ئەمنییەکان لە دەرەوەی شوێنی دەنگدان، فاکتەرێکی ئەرێنی بووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت."

لە کۆتاییدا نێردەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بە ئامادەکاری و ڕێکخستنی باشی پرۆسەکە و کەش و هەوای ئارام و ڕێکوپێک کە هەڵبژاردنی تێدا بەڕێوەچوو.