سەرۆک ئەرکان و هاوپەیمانان جەخت لە خێراکردنی یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکەن
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ یەکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگەدەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، سێشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ کۆڵۆنێڵ راب براندستێتەر فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کاروباری فیرقەکان و جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی چاکسازیی لەوەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان، هەروەها بارودۆخی هەنووکەیی هێزی پێشمەرگە و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان خرایە بەرباس.
وەزارەتەکە ڕایدەگەیەنێت: هەردوولا هاوڕابوون لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکان بە ئاڕاستەی یەکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنیان لەچوارچێوەی فیرقەکاندا.