عێراق پشتبەستنی بە گازی دەرەکی زیاتر دەکات

لە کاتێکدا عێراق پشکێکی گەورە لە یەدەگی نەوت و گازی سروشتی جیهان پێکدەهێنێت، بەڵام تا دێت سیاسەتی وزەی عێراق دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا، عێراق لە ڕووی یەدەگی گازی سروشتییەوە لە ڕیزبەندی یانزەهەمینی جیهاندایە و یەدەگی خەمڵێنراوی دەگاتە 131 ترلیۆن پێ سێجا، بەڵام لە بڕی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ژێرخانی وزە، عێراق بە ڕێککەوتنی نوێ پشتبەستنی بە گازی دەرەکی زیاتر دەکات.
وێڕای ئەوەی ساڵانە ملیاران مەتر سێجا گازی سروشتی عێراق دەسووتێت و بووەتە کێشەیەکی مەترسیداری ژینگەیی و زیانی ملیۆنانی دۆلار لەسەر ئابووری عێراق دەکەوێت، ئامارەکان دەریدەخەن عێراق لە ڕووی سووتانی گاز لە ڕیزبەندی سێیەمی جیهاندایە و ساڵانە 17.7 ملیار پێ سێجا گاز بەفیڕۆ دەچێت و زیانی ساڵانەی دەگاتە 12 ملیار دۆلار.
لەلایەکی دیکەوە، عێراق وێڕای گرنگینەدانی بە وەبەرهێنان لە کەرتی وزە، تەنانەت نەیتوانیوە ڕێگری لە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و بوونەتە هەڕەشە لەسەر زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنان گاز بە تایبەت لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
دوای زیاتر لە ساڵێک لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە هاوردەکردنی گازی تورکمانستان بۆ عێراق، دواجار عێراق و تورکمانستان ڕێککەوتنێکیان لە بواری گازدا واژۆکرد. زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق ڕایدەگەیەنێت: لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا گاز لەو وڵاتەوە هاوردە دەکەن، بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستی تەواوی وێستگەکانی کارەبای عێراق.
بەڵام بە ڕێککەوتن لەگەڵ تورکمانستان، عێراق ناتوانێت دەستبەرداری ئێران بێت، هێشتا ئێران ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاسایشی وزەی عێراقدا دەگێڕێت، سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان ژێرخانی بۆری گواستنەوەی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەکە جێگەی بایەخە، بەو پێیەی گازی تورکمانستان لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی ئێران بۆ عێراق دەگوازرێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت بەم سیاسەتە ئاسایشی وزەی عێراق بکەوێتە ژێر مەترسییەوە.