پێگە و ڕۆڵی وڵاتانی برێکس لە ئابووریی جیهاندا

16 یەمین لووتکەی برێکس لە شاری کازانی ڕووسیا، لە نێوان 22 تاوەکوو 24ی ئۆکتۆبەر بەڕێوە دەچێت. چاوەڕوان دەکرێت 22 سەرکردەی جیهان و شاندی 36 وڵات، بەشداری لە لووتکەی برێکس بکەن.
لە میانی بەڕێوەچوونی لووتکەی برێکس ڕووسیا راگەیاند، کار بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان دەکرێت لە بوارەکانی سیاسەت و ئاسایش، ئابووری و دارایی، پەیوەندییە کولتووری و مرۆییەکان.
لە گرووپی برێکسدا، ساڵانە سەرۆکی وڵاتان کۆ دەبنەوە، بەڵام لووتکەی ئەمساڵ جیاوازە، لە ساڵی 2023 کۆمەڵێک وڵات وەک ئەندامانی گرووپەکە زیاد کرا، دەرئەنجام گرووپەکە فراوانتر بووە، برێکس ئێستا لە هەر یەک لە بەڕازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین، ئەفریقای باشوور، ئێران، میسر، ئەسیوپیا و ئیمارات و سعوودییە پێکدێت. برێکس 45%ی دانیشتووانی جیهان ، هاوکات 28% ئابووریی جیهان پێک دەهێنێت.
بە گوێرەی ئامارەکان، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی جیهان دەگاتە 110 ترلیۆن دۆلار، لەو بڕە 30.8 ترلیۆن دۆلار بەر وڵاتانی برێکس دەکەوێت، هاوکات ئەندامانی گرووپەکە 40%ی کۆی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی خاوی جیهان پێک دەهێنن، بۆیە هەر بڕیارێکی گرووپەکە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی بخاتە سەر ئابووری جیهان.
یەکێک لە ئامانجەکانی دروستبوونی گرووپی برێکس، بەرزکردنەوەی بازرگانییە بە دراوە ناوخۆییەکان، هاوکات، یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی ڕووسیا پەیوەندی بە سیستەمی پارەدان و بازرگانیی نێودەوڵەتی هەیە، کرێملن دەخوازێت، ئەندامان جێگرەوەیەک بۆ دۆلار وەک پارەدانی جیهانی دابنێن، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی ڕۆژئاوا.
لە دوایین سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا، پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ، بەکارهێنانی 35 ملیار یۆرۆ لە سامانی سڕکراوی ڕووسیای بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد. ڕۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە ڕایگەیاند، ئەمە ساتێکی مێژووییە و ڕووسیا دەبێت باجی ئەو کاولکارییەی لە ئۆکرانیا کردوویەتی بدات.
وڵاتان لە برێکس دەخوازن کۆتایی بە شەڕ و ناکۆکییەکان بهێنرێت، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان ڕایگەیاند "دەخوازن کێشەی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی خێرا و ئاشتییانە چارە بکرێت."
گوتیشی: "ئێمە پێمان وایە ناکۆکییەکان تەنیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارە دەکرێن. بە تەواوی پشتگیری لە هەوڵەکان دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری بە شێوەیەکی خێرا."
لە پاڵ هەر یەک لە گرووپی حەوت و گرووپی بیست چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵی برێکس لە ئابووریی جیهان زیاتر پەرە بسەنێت و کاریگەریی بڕیارەکانی هەر لووتکەیەکەیەکیش لەسەر ئابووریی جیهان زیاتر بێت.