هەولێر بەبێ سێ یاریزانی سەرەکی ڕووبەڕووی قاسم دەبێتەوە

هەولێر بۆ یەکەمجار لەم وەرزە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان یاریی دەکات

یانەی هەولێر
یانەی هەولێر

لە گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەمڕۆ هەولێری پێشەنگی ریزبەندی لەپێناو بەردەوامیدان بە سەرەتایە باشەکەی ڕووبەڕووی یانەی قاسم دەبێتەوە.

هەولێر لە سێ گەڕی ڕابردووی خولەکە، دوو بردنەوە و یەکسان بوونێکی تۆمار کردووە و بە کۆکردنەوەی 7 خاڵ پێشەنگی گرتووە، بەجیاوازی گۆڵ  لەپیش یانەکانی زەوڕا و شورتە و جەویە و نەفتی میسان دەبینرێت.

هەولێر لە مێژوویدا 9 یاریی بەرامبەر قاسم کردووە و 3 بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە 4 یاریشدا یەکسان بوونە، لە دوایین 5 یارییشدا بەرامبەر ئەم یانەیە هەولێر تەنیا سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە.

 

یانەکەی پایتەختی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم یارییە لە تواناکانی سێ یاریزانی گرنگی بێبەش دەبێت، شێرکۆ کەریم و ئوسامە رەشید بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکەن، ڤیدالی بەڕازیلیش بەهۆی کێشەی ڤیزاوە گەشتی بەغدای نەکردووە.

یارییەکەش لە کاتژمێر 02:45 خولەک بە کاتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و ڕاستەوخۆ لە پەیجی فەیسبووکی کوردستان24 بە کۆمێنتاری هەرێم قەرەناوی دەگوازرێتەوە.