پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات

فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی
فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی

لەمەودوا پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەست پێ دەکات و، بڕیارەکە لە ڕێگەی بانکی جیهانه‌وه‌ لە فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

پێنجشه‌ممه‌، 24ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بانکی جیهان ئامادەیی خۆی بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیارن لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەربڕیوە و ڕێکارەکانی دەستپێکردنی پرۆسەکە لە جێبەجێ کردن دایە، بە ئامانجی سوودمەندبوونی گەشتیارانی ڕاستەقینە لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق.

بە گوێرەی بەدواداچوونی کوردستان24، بانکی جیهان نووسراوی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراقی بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی پێ گەیشتووە و هەماهەنگی تەواو لە نێوان بانکی جیهان و بانکی ناوەندیی عێراق لەم بارەوە هەیە و، بانکەکەش بە مه‌به‌ستی دەستپێکردنی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران سەردانی فڕۆکەخانەکانی کردووە و داوای دابینکردنی شوێنی لە هەردوو فرۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی کردووە، بانکەکە چاوەڕوانی دابینکردنی شوێن و وەڵامی هەردوو فڕۆکەخانەکەیە.

هەر لە بارەی پێدانی دۆلار بە گەشتیارانەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ڕاگەیاند، بە بڕیاری بانکی ناوەندی عێراق تەنیا ڕەزامەندی بە بانکی TBI دراوە بۆ ئەوەی نووسینگەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە نێو فڕۆکەخانەی هەولێر بکاتەوە و هیچ بڕیار و نووسراوێکی دیکەیان بە دەست نەگەیشتووە بۆ کردنەوەی نووسینگەی هیچ بانکێکی دیکە. 

ئه‌مه‌ لە کاتێکدایە، بە پێی بڕیارێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە 14ـی تەممووزی 2024ـەوە پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی عێراق دەستی پێ کرد، بەڵام بڕیارەکە لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی جێبەجێ نەکرا، ئەمەش بەهۆی پەبەندنەبوونی بانکە فیدراڵییەکانی عێراق بۆ کردنەوەی "سەکۆ" لە فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی.

بانکی ناوەندیی عێراق ئامانجیەتی، دۆلار بگاتە گەشتیاریی ڕاستەقینە، بە گوێرەی بڕیارەکە هەر گەشتیارێک سێ هەزار دۆلاری بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک پێ دەدرێت، بە مەرجێک گه‌شتیار 18 ساڵی تەواو کردبێت و گەشتەکەشی بۆ ئەو وڵاتانە نەبێت کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان. له‌ به‌رانبه‌ردا هه‌ر گه‌شتیارێك 15 هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گیرێت.