کێ دەبێتە 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا؟
5ـی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە دەچێت و 47ـەمین سەرۆک هەڵدەبژێردرێت.
لەم هەڵبژاردنە 244 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، ئەو کەسەشی دەبێت سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا بێت لەکۆی 538 ئەندامی کۆلێژی هەڵبژاردن، دەنگی 270 یان زیاتری ئەندامانی ئەو کۆلێژە بەدەستبهێنێت.
بەگوێرەی دواین ڕاپرسی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش زۆربەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە پێیان وایە کامالا هاریس، کاندیدی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان براوەی هەڵبژاردن دەبێت.
10ڕۆژی دیکە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و سەرۆکی وڵاتەکەیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێرن.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا یەکێکە لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی جیهان، هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساتێکی هەستیاردایە و چەندان ململانێی سەربازیی و ئاڵنگاریی بەرۆکی جیهانیان گرتووە.
لە ئەمەریکا دوو حزب هەن و هەر حزبە و کاندیدێکیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەیە، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتیی کۆمارییەکانە، کامالا هاریسیش، کاندیدی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکانە.
ئەگەر هەریەکێک لەم کاندیدانە براوەبوون و بوونە سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا، لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025 دەچێتە کۆشکی سپی و دەست بەکاردەبێت.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ، 244 ملیۆن کەس لە 50 ویلایەت مافی دەنگدانیان هەیە.
کێ دەتوانێت دەنگ بدات؟، ئەو کەسانەی تەمەنیان 18 ساڵ یان زیاترە دەتوانن دەنگ بدەن، هەروەها دەنگدەر دەبێت هاووڵاتی ئەمەریکی بێت، جا چ لە ناوخۆی وڵات بێت یان دەرەوە، دەنگدەران، بێجگە لە ویلایەتی داکۆتای باکوور پێشوەختە تۆمار دەکرێن.
پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمەریکا چۆنە؟ براوە ئەو کەسە نییە زۆرینەی دەنگی خەڵک بەدەست دەهێنێت، بەڵکو براوە ئەو کەسە دەبێت 270 دەنگی ئەندامانی کۆلێژی هەڵبژاردن یان زیاتر بەدەست بهێنێت.
ئەگەر هیچ کام لە کاندیدەکان ئەم زۆرینەیان بەدەست نەهێنا، هەڵبژاردنی کتوپڕ دەکرێت. ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی کتوپڕ سەرۆک هەڵدەبژێرێت، ئەنجوومەنی پیرانیش لە هەڵبژاردنی کتوپڕ جێگری سەرۆک هەڵدەبژێرێت.
کۆلێژی هەڵبژاردن چییە و چۆن دابەشبوون، ئەم کۆلێژە لە 538 ئەندام پێکهاتووە، هەموو چوار ساڵێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێن و ئەرکیان هەڵبژاردنی سەرۆکە.
ئەندامانی ئەم کۆلێژە بۆ هەر ویلایەتێک بریتییە لە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتەکە + 2 سێناتۆر.
بەگوێرەی دوایین ڕاپرسی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتوو؟ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە دواین ڕاپرسیدا ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی بەشداربوون 46.4% دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ داوە، لەبەرامبەردا 48.1%ـیان پێیانوایە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا.