ئانچیلۆتی لەبارەی كلاسیكۆ: هیچ تیپێك لە جیهان نامترسێنێت
ریال مەدرید بەبێ چوار یاریزانی، رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە
یانه‌ی ریال مه‌درید له یاریگه‌ی ڤالدێ دێباسی تایبه‌ت به راهێنانه‌كانی به‌بێ چوار یاریزانی ئاماده‌كاریيەكانی بۆ یاریی كلاسیكۆ كۆتایی پێهێنا، ئانچیلۆتی راهێنەری شاهانەكان رایگەیاند لەو یارییە هیچ پێویست ناكات ئامۆژگاری یاریزانەكانی بكات و ئەوان دەزانن لە كلاسیكۆ چی دەكەن.
له گه‌ڕی یازده‌یەمی لالیگا سبەی شەممە كاتژمێر 10:00ـی شەو به‌كاتی هه‌ولێر، ریال مه‌درید میوانداریی بارسێلۆنا دەكات، له دوایین 14 یاریی، ریال مەدرید 10 كلاسیكۆی بردووەتەوە.
له راهێنانه‌كانی ریال مه‌درید هه‌ریه‌كه له كارڤاخال و داڤید ئالابا به‌هۆی پێكانی درێژخایه‌ن ئاماده نه‌بوون و كۆرتوا و رۆدریگۆش كه له یاریی رابردوو تووشی پێكان بوون له راهێنانه‌كان نه‌بینران.
ریال مەدرید لە دوایین چوار یاریی فه‌رمی لە كلاسیكۆ سه‌رجه‌م یارییه‌كانی بردووه‌ته‌وه و وه‌رزی رابردووش له هه‌ردوو قۆناخ شاهانه‌كان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا.
بارسێلۆنا به كۆكردنه‌وه‌ی 27 خاڵ خانه‌ی یه‌كه‌می لالیگای گرتووه و سێ خاڵ له ریال مه‌دریدی پێشه‌نگ دووره، بارسێلۆنا له‌م یارییه به‌هۆی پێكان له تواناكانی رۆناڵد ئاراوخۆ، كریستینسن، فێران تۆرێس و ئیریك گارسیا بێبه‌ش ده‌بێت، پێكانه‌كانی تێر شتیگن و بێرناڵدیش درێژخایه‌نه و تا وه‌رزی داهاتوو ناگه‌ڕێنه‌وه.
لێدوانەكانی ئانچیلۆتی لەبارەی كلاسیكۆ
بارسێلۆنا له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی هانزی فلیك ئاستێكی زۆر نایاب پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام یاریی كلاسیكۆ جیاوازه و زۆر ئه‌سته‌مه پێشبینی تیپی براوه بكه‌یت، هه‌موو شتێك له‌سه‌ر سیناریۆ و ورده‌كاری به‌نده، هیچ تیپێك نییه له جیهان ئێستا وام لێبكات به درێژایی شه‌و به‌خه‌به‌ر بم و نه‌توانم بخه‌وم، تاكتیك و پلانه‌كان له مێشكمدان، به‌ڵام به ئێوه‌ی ناڵێم، له یاریی كلاسیكۆ ده‌یبینن ئه‌وكات بڕیار بده‌ن كه راستم یان هه‌ڵه، له‌م جۆره یارییانه قسه‌ی زۆرمان له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان نابێت ته‌نیا به شێوه‌یه‌كی ساده تاكیتك و پلانه‌كانیان پێده‌ڵێم و ئه‌ویتر ده‌كه‌وێته سه‌ر خۆیان، كه یاریزان بووم زۆر جار هه‌ستم به ترس و دڵه‌ڕاوكی ده‌كرد، به‌ڵام ڤان باستن ده‌هاته لام و ده‌یگوت ته‌نیا پاس بده به من و ته‌واو منیش وام ده‌كرد و به‌م ئاسانییه هه‌موو شتێكمان كۆتایی پێده‌هێنا، پێموایه ئێستاش واین، لامین زۆر باش ده‌ستی پێكردووه و یاریزانێكی زۆر نایابه، به‌ڵام ئێمه ته‌نیا بیر له تواناكانی خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه و رێزێكی زۆری یانه‌ی بارسێلۆناش ده‌گرین، له ره‌خنه‌كان ده‌گه‌م و كار له‌سه‌ر خۆمان ده‌كه‌ین و بۆ هه‌موو شتێك ئاماده‌ین و له به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا بۆ بردنه‌وه یاریی ده‌كه‌ین، فلیك فه‌لسه‌فه‌ی یارییكردنی بارسێلۆنای گۆڕی و به تۆپی راسته‌وخۆ و خێرا یاریی ده‌كه‌ن به‌راستی نامه‌وێت له‌گه‌ڵ چاڤی به‌راوردیان بكه‌م چونكه چاڤیش كاری زۆر گه‌وره‌ی بۆ بارسێلۆنا كرد.
ئامارەكانی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال مەدرید
بارسێلۆنا له دوایین چوار یاریی لالیگا به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید دۆڕاوه، به دۆڕانیش له‌م یارییه هه‌مان ژماره‌ی 59 ساڵ پێش ئێستا له‌لایگا دووباره ده‌كاته‌وه، بارسێلۆنا له دوایین 14 كلاسیكۆ له 10 كلاسیكۆ دۆڕاوه كه ئه‌وه هه‌مان ژماره‌ی دۆڕانی یارییه‌كانی پێشتری بوو له 39 یاریی، بارسێلۆنا له دوایین دوو كلاسیكۆ له سانتیاگۆ بێرنابیۆ دۆڕاوه و له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1991ـه‌وه بارسا سێ كلاسیكۆی له‌سه‌ریه‌كی له‌نێو یاریگه‌ی بێرنابیۆ نه‌دۆڕاندووه.