نرخی نەوت زیاتر لە 2% بەرز بووەوە

دوای دابەزینی لە دوو خولی مامەڵەی لە دوای یەک، لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت 76 دۆلاری تێپەڕاند، ترس لە فراوانبوونی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دادەنرێت.

ئەمڕۆ هەینی، 25ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، کاتژمێر 22:30 خولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان، نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بە 76 دۆلار و شەش سەنت مامەڵەی پێوە کرا، لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ بە 2.22% بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنێ پێنجشەممە بۆ 74 دۆلار دابەزینی تۆمار کرد.

بازاڕی وزە لە نێویدا نرخی نەوت ناجێگیرە، شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە، هێشتا بازاڕەکان ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە دوور نازانن و نیگەرانن کە ڕەنگە پچڕانی خستنەڕووی نەوتی خاوی بۆ بازاڕەکانی جیهان لێ بکەوێتەوە، ئەمە وێڕای ناڕوونی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی داهاتوودا کە کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات.

شارەزایان دەڵێن: بازاڕ دەیەوێت وەڵامێکی لەسەر شەڕ و هەڵبژاردنەکان دەستکەوێت، بە تایبەت هەڵبژاردنەکان کە نادڵنیایی زۆر لە بازاڕەکاندا دروست دەکەن.

تیم سنایدەر، گەورە ئابووریناس لە کۆمپانیای ماتادۆر ئیکۆنۆمیکس، ڕایدەگەیەنێت: جیۆپۆلەتیک ئەمڕۆ هێزی پێشەنگە، ئێمە تەنیا چاوەڕوانی ئەوە دەکەین لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چی ڕوودەدات، ڕەنگە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ئاراستەی بازاڕەکان دروست بکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئەگەری زیادکردنی خستنەڕووی نەوتی خاو بە تایبەت لەلایەن وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەتی ئۆپێک پڵەس و خابوونەوەی گەشەی خواست لەسەر نەوتی خاو نیگەرانی لە بازاڕەکاندا دروست کردووە و بووەتە هۆی سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment