کوردستان جەژنێکی تەواو جیاوازی بەڕێکرد
K24- سلێمانی
جیاواز لە ساڵانی رابردوو، لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵدا شەقامەکان چۆڵ بوون و ھاووڵاتییان کەمتر سەردانی یەکتریان کرد.
ھێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتاییان نەهاتووە، ئەمەش وایکردووە ھاووڵاتیان پێچەوانەی نەریتی کۆنی ساڵانی رابردوو، لەم جەژنەدا تێکەڵی یەکدی نەبن.
درەخشان عوسمان، لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی، ھەموو شتێکی جەژنی ئامادەکردووە، کەچی کەمترین کەس سەردانی کردووە، بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ و رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا. ئەوانەی لەم جەژنەدا سەردانی درەخشانیان کردووە، تەنھا منداڵەکانی خۆی بوون.
درەخشان دەڵێ "جەژنی ئەمساڵ ھیچ لە جەژن ناچێت"، خۆزگەش بە رۆژانی جەژنی ساڵانی رابردوو دەخوازێت، چونکە "ژیان ئەو کاتانە چێژێکی تایبەتی ھەبوو".
مانەوەی ھاووڵاتییان لە ماڵەکانیان، گەرەنتی کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بۆیە بەشێکی ھاووڵاتییان پابەندبوون بە رێنماییەکان لەم قۆناغەدا بە پێویست دەزانن.
ئەوەی بەریەککەوتنی تاڕادەیەکی زۆر سنووردارکرد، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بوو بۆ قەدەغەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژن، کە بەپێی بڕیارەکە هەرسێ رۆژی جەژن، قەدەغەی سەرتاسەریی هاتووچۆ بوو.